ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: بەکارهێنانی بۆمبی هێشوویی لەلایەن ئێرانەوە "تاوانێکی جەنگییە"
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی ئێران لە ماوەی شەڕی 12 ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیلدا، لە هێرشە مووشەکییەکانیان بۆ سەر ناوچە نیشتەجێبووەکان، تەقەمەنی هێشووییان بەکارهێناوە. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم ڕەفتارە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە و ڕهنگه بە "تاوانێکی جەنگی" هەژمار بکرێت.
پێشتر ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی وردی بڵاوکردبووەوە و تێیدا جەختی لهوه کردبووەوە کە هێرشە ئاسمانییەكانى سوپای ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین لە تاران، پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە و پێویستە وەک تاوانێکی جەنگی لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکرێت.
لە ڕاپۆرتە نوێیەکەیدا، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی –بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوەی شارەزایانی چەک – ڕوونیکردەوە کە هێزەکانی ئێران مووشەکی هەڵگری تەقەمەنی هێشووییان ئاراستەی ناوچەیەکی شاری بە ناوی "گوش دان" لە نزیک تەلئەبیب کردووە. وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان دەریانخستووە کە ئەم تەقەمەنیانە لە ناوچە نیشتەجێبووەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە، کە ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل، بەتایبەتی منداڵانی خستووەتە مەترسییەوە.
ئێریکا گێڤارا-ڕۆساس، بەڕێوەبەری باڵای توێژینەوە و هەڵمەتەکان لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، گوتی: "تەقەمەنییە هێشووییەکان لە سروشتی خۆیاندا چەکی هەڕەمەکین و هەرگیز نابێت بەکاربهێنرێن. بەکارهێنانی ئەم چەکانە لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە نزیک ناوچە نیشتەجێبووەکان، بێبایەخیدانانێکی ئاشکرا بە ژیانی هاووڵاتیانی سڤیل و پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان نیشان دەدات."
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاندووە کە شارەکانی بیئر سهبع (باشووری ئیسرائیل) و ڕیشۆن لیتسیۆنیش ڕووبەڕووی هێرشی تەقەمەنی هێشوویی بوونەتەوە. لە بیئر سهبع، یەکێک لەم بۆمبانە لەناو یاریگایەکی باسکەی قوتابخانەیەکدا کەوتووەتە خوارەوە. خۆشبەختانە، لەم هێرشانەدا هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریدا کە ئەو تەقەمەنیانەی نەتەقیونەتەوە هێشتا هەڕەشەیەکی کوشندە بۆ داهاتوو پێکدەهێنن.
لە هێرشێکی دیکەدا، خانوویەکی نیشتەجێبوون لە شاری ئازۆر (ناوەڕاستی ئیسرائیل) کرایە ئامانج، بەڵام دانیشتووانەکەی توانیبوویان پێش تەقینەوەکە پەنا ببەنە ژوورێکی سەلامەت.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە ئەو مووشەکانەی لەلایەن ئێرانەوە هاوێژراون لە جۆری بالیستی بوون و تەقەمەنییە هێشووییەکانیان لە بەرزی چەندین کیلۆمەتر لەسەر ڕووی زەوییەوە بڵاودەکەنەوە، کە دەبێتە هۆی وردبینییەکی کەم و لادان لە مەودای پێکانیاندا کە لەوانەیە بگاتە نیو کیلۆمەتر یان زیاتر.
ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشکردووە کە تەقەمەنی هاوشێوە پێشتر لە ئێران بەکارهێنراون. لە ئەیلولی ٢٠٢٣دا، بۆمبێکی هێشوویی لە ناوچەیەکی شاریدا کەوتە خوارەوە دوای تاقیکردنەوەیەکی مووشەکیی سەرنەکەوتوو لە شاری گرگان، کە بووە هۆی برینداربوونی دوو کەس. ئەو کاتە، وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند کە یەکێک لە سیستەمەکانی ژێر تاقیکردنەوە تووشی کێشەیەکی تەکنیکی بووە و لە ڕێڕەوەکەی لایداوە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەندێک لەم تەقەمەنیانە لەو چەکانە دەچن کە لە پێشانگاکانی بەرگریی ئێران لە ساڵی ٢٠١٦دا نمایشکرابوون.
بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، بەکارهێنانی چەکی هەڕەمەکی وەک بۆمبی هێشوویی قەدەغەیە. ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بۆمبە هێشووییەکان لە ساڵی ٢٠١٠ەوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئێران و ئیسرائیل هێشتا پەیوەستی نەبوون.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داواکارییەکەی بۆ ئێران و ئیسرائیل بۆ پەیوەستبوون بەم ڕێککەوتننامەیە و پابەندبوون بە ناوەڕۆکەکەی نوێکردەوە. هەروەها ڕوونیکردەوە کە پرسیاری ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم تەقەمەنیانە، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکە هیچ وەڵامێکیان بەدەست نەگەیشتووە.
بەپێی ئاماری دامەزراوەی شەهید و کاروباری قوربانیانی ئێران، لەم شەڕەدا لانیکەم ١١٠٠ هاووڵاتی ئێرانی کوژراون، کە ١٣٢ ژن و ٤٥ منداڵیان تێدایە.
هەروەها ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی کرد لە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین، کە بووە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان هاوڵاتی مەدەنی، لەنێویاندا منداڵێک.
لەلایەنی ئیسرائیلیشەوە، وەزارەتی تەندروستی ڕایگەیاند کە ٢٩ کەس، لەنێویاندا ژن و منداڵ، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران، کوژراون. یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکان ئەو هێرشە بوو کە شاری تەمڕای لە باکووری ئیسرائیل کردە ئامانج، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی چوار ئەندامی یەک خێزان، لەنێویاندا منداڵێک.
وەڵام بدەوه