لە ئیسرائیلەوە باسی دەوڵەتی کوردستان دەکرێت، کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە بۆچی ئەوروپا ددان بە کوردستاندا نانێن. یائیر نەتەنیاهۆ کوڕی بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، پرسیارێکی ڕاستەوخۆ ئاڕاستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا دەکات و دەپرسێت بۆچی ددان بە دەوڵەتی کوردستاندا نانێن، لە کاتێکدا کورد بە گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەت لە جیهاندا وەسف دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 31ی تەمووزی 2025 یائیر نەتەنیاهۆ، لە پۆستەکەیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی: کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا، کە ژمارەی دانیشتووانیان نزیکەی 45 ملیۆن کەسە.
زیاتر نووسیوویەتی، ئەوان سێکولارن و هاوپەیمانی ڕۆژئاوایین. خاکەکەیان لەلایەن تورکیا، ئێران، عێراق، و سووریاوە دابەش و داگیرکراوە.
كوڕەكەی نەتەنیاهۆ پرسیاری ئەوەی كردووە، بۆچی فڕەنسا، ئیسپانیا، ئێرلەندا، بەریتانیا، نەرویج، پورتوگال، کەنەدا، ئەڵمانیا، ماڵتا، و سلۆڤینیا ددان بە کوردستاندا نانێن؟
ئەم پۆستە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لەو وڵاتانەی ناوی هێناون، لەم دواییانەدا دانیان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. پۆستەکەی کوڕەکەی نەتەنیاهۆ وەک پەیامێکی ناڕاستەوخۆ و ڕەخنەگرانە لە سیاسەتی دووفاقیی ئەو وڵاتانە لێکدەدرێتەوە.
وەڵام بدەوه