ئێستە دەسەڵاتی دیمەشق لەنێوان گوشارەكانی توركیا و ئیسرائیل لە دەرەوە و پێكهاتەكانی وەك كورد و درووز و عەلەوییەكان گیری خواردووە، دیمەشق لە لایەك هەوڵ دەدەدات پاڵپشتییەكی دەرەكی بۆ سیاسەت و عەقڵیەتە ناوەندییەكەی لە فەرمانڕەوایەتی دروست بكات، لە لایەكی تر ئیسرائیل و رووسیا رازی بكات، كە لەگەڵ سووریایەكی بەهێز نین، لەو ناوەدا باسی ئەوە دەكرێت هێزێكی سەربازی یەكخراوی درووزەكان لە پارێزگای سوێدا بە هاوشێوەی هەسەدە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا دێتە پێكهاتن.
بەپێی سەرچاوەیەكی ناوخۆیی سووریا، لە دوای شەڕ و پێكدادانی مانگی رابردووی پارێزگای سوێدا لە نێوان چەكدارانی درووز و خێڵە سوننەكان بە پاڵپشتیی سوپا و ئاسایشی سووریا، ئێستە قسە لەسەر دامەزراندنی هێزێكی یەكخراوی سەربازیی لە پارێزگای سوێدا بۆ درووزەكان دەكرێت، كە هەموو گرووپە چەكدارە درووزەكان لەخۆ بگرێت، ئەوەش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و ئەمەریكا بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و سەپاندنی ئاگربەستێكی بەردەوام.
بەپێی سەرچاوەكە ئەو هێزە سەربازیە لە لایەن ئەمەریكاوە پاڵپشتی دەكرێت و دەبێتە شوێنگرەوەی ئەنجوومەنی سەربازی كە پێشتر لە پارێزگاكە هاتبووە راگەیاندن، ئەوەش بۆ پێدانی شەرعیەت و پاڵپشتییەكی نێودەوڵەتی بە هێزوە نوێیەكە، هاوكات بۆ جیاكردنەوەی ئاسایشی ناوخۆیی پارێزگاكە لە دەسەڵاتی ناوەندیی دیمەشق، كە رەنگە ئەوەش بە هەنگاوێك بەرەو نامەركەزیی ئیداری و تەناهی بۆ پارێزگاكە لێك بدرێتەوە.
شایەنی باسە درووزەكان كە گرووپێكی نزكن لە شیعە، لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد حیسابێكی تایبەتیان بۆ كراوە و ئەوان خاوەن چەند گرووپێكی چەكداری بوون، لە سووریای دوای بەشار ئەسەدیش دووچاری كێشە لەگەڵ دیمەشق و خێڵە سوننەكانی ناوچەكە هاتنەوە، بەڵام لە شەڕی مانگی رابردوو ئیسرائیل لەسەر ئەوان هەڕەشەیەكی گەورەی لە دیمەشق كرد و كۆشكی سەرۆكایەتیی و بارەگەی وەزارەتی بەرگری و سەرۆكایەتیی ئەركانی سوپای سووریای بۆردمان كرد، هاوكات بۆ پاراستنیان رێككەوتنێكی ئاگربەستی بەسەر ناوچەكە سەپاند كە ئەمڕۆ هەوڵی شكاندنی درا.
وەڵام بدەوه