دوای بێئومێدبوونی ئیسرائیل لە گەڕاندنەوەی بارمتەكانی و شكستهێنانی دوایین پێشنیازی رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەزە كە لە لایەن ئەمەریكاوە خرابووە روو، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە هەنگاوی داهاتوو ئیسرائیل بڕیاری لەبارەوە دەدات، ئەمشەو ئیسرائیل بڕیاری دا دەست بەسەر كەرتی غەزەدا بگرێت، وەك بەرپرسێكی ئیسرائیلی دووپاتی كردەوە.
بەپرسێكی باڵای ئیسرائیل لە نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە گوتی، بڕیارەكە دراوە و دەست بەسەر كەرتی غەزەدا دەگرین، هاوكات كەناڵی 12ی ئیسرائیل ئاشكرای كرد كە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەرەو فرەوانكردنی هێرشەكەی بۆ سەر غەزە و دەستبەسەرداگرتنی تەواوی كەرتەكە دەچێت.
رۆژنامەی "یدیعۆت ئەحرانۆت"ی ئیسرائیلی لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتەی گواستەوە كە ئەگەر ئەو كارە بەدڵی ئیال زمیر سوپاسالاری ئیسرائیل نیە با دەست لەكار بكێشێتەوە، ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەو ناوچانەش دەگرێتەوە كە بارمتەكانیان تیادایە، بۆیە بڕیارەكە دراوە و بەرەو دەستبەسەرداگرتنی تەواوی كەرتی غەزە دەچین.
بەپێی ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڕیارە سبەی سێشەم نەتنیاهۆ كۆبوونەوەیەك بە حكوومەتەكەی بكات و بڕیار لەو بارەوە بدات، هاوكات لە دوای بڕیارەكە، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانەكەی بۆ واشنتن هەڵوەشاندەوە، ئەفیگای بۆرۆن ئەندامی كنێست لە حزبی لیكۆدی ئیسرائیلی دەڵێت، هێرشێكی سەربازی بۆ لەناوبردنی حەماس و كۆتاپێهێنانی، رەنگە بۆ بارمتەكان مەترسیدار بێت، بەڵام رێگەیەكە بۆ رزگاركردنیان لە مەترسیی مردن بەهۆی برسیەتییەوە لەناو تونێلەكانی حەماس.
وەڵام بدەوه