عه‌لى لاریجانى ئه‌میندارى گشتیى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران، گه‌یشته بیرووت و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لبنان و هیچ به‌رپرسێكى تر‌ى باڵاى لبنان پێشوازییان لێ نه‌كرد.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 13ى ئاب، دواى ته‌واوبوونى سه‌ردانه‌كه‌ى له عێراق، عه‌لى لاریجانى گه‌یشته به‌یرووت و ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بێت، هیچ به‌رپرسێكى باڵاى لبنانى پێشوازییان لێ نه‌كرد. ئاژانسى سپۆتنیكى رووسى ئاشكراى كردووه، وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى لبنان به‌رپرسێكى خۆى به‌ناوى رۆدرینگ خوورى ناردووه‌ته فڕۆكه‌خانه‌ى ره‌فیق حه‌ریرى بۆ ئه‌وه‌ى پێشوازى له لاریجانى بكات، له‌گه‌ڵ باڵوێزى ئێران له به‌یرووت و چه‌ند په‌رله‌مانتارێكى تر كه سه‌ربه شیعه‌كانن.
ماڵپه‌ڕى ئیره‌م نیوزى ئیماراتى، لێدوانى یوسف رهجى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى لبنانى بڵاو كردووه‌ته‌وه كه دووپاتى ده‌كاته‌وه، ئاماده نییه پێشوازیى له عه‌لى لاریجانى بكات.
هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر عه‌لى لاریجانى كرایه ئه‌میندارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئێران، له هه‌مان ئه‌نجوومه‌نیش نوێنه‌رى عه‌لى خامنه‌یى رابه‌رى كۆمارى ئیسلامى ئێرانه. ئه‌مڕۆ لێدوانێكى لاریجانى له میدیاكان بڵاو بووه‌ته‌وه كه باسى له‌وه كردووه، له هه‌ر بارودۆخێكدا بێت ئێران پشتیوانیى لبنان ده‌كات.
لاریجانى دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ عێراق یاداشتێكى ته‌ناهیى واژوو كردووه كه ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى ئاشكرا نییه، به هه‌مان مه‌به‌ستیش سه‌ردانى لبنانى كردووه، ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌مه‌ریكا گوشار ده‌خاته سه‌ر حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى لبنان بۆ ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر خاكى خۆیان میلیشیاكان چه‌ك بكه‌ن.
وەڵام بدەوه