Kurdistan Press - شەڕەکە دەسپێدەکاتەوە شەڕەکە دەسپێدەکاتەوە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

شەڕەکە دەسپێدەکاتەوە

نیشانەکان بۆ دەستپێکردنی گەڕێکی نوێی ململانێ لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا دەردەکەون. سەرچاوە دبلۆماسییە ڕۆژئاواییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ لێدانی گورزێکی پێشوەختە دژی ئیسرائیل بەردەوامە، لە کاتێکدا ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە ئیسرائیل دەستپێشخەری بکات و هێرشێکی پێشوەختە بکاتە سەر ئێران.

ئەم زانیارییانەی سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان هاوکاتە لەگەڵ توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب؛ ئەمەش وای لە ئیسرائیل کرد دوێنێ حاڵەتی ئامادەباشی تەواو لە ڕیزەکانی سوپا و هێزی ئاسمانیدا ڕابگەیەنێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ڕووداوێکی لەناکاو لە چەندین بەرەی جیاوازەوە، لەوانە ئێران، لوبنان، غەززە و یەمەن.

حاڵەتی ئامادەباشییەکەی ئیسرائیل، بڵاوکردنەوەی بەرفراوانی سیستمی "گومه‌ى ئاسنین" و "تیر"ی لەخۆگرتووە، هەروەها ئەنجامدانی ڕاهێنانی بەپەلە بۆ سیناریۆی شەڕێکی گشتگیر، بە ئامانجی پاراستنی شارە سەرەکییەکانی وەک: تەلئەبیب، هێرتزلیا و شارەکانی دیکە لە هێرشی مووشەکی ئێران یان حزبوڵڵا.

سەرچاوە ڕۆژئاواییەکان بە "ئیڕەم نیوز"یان ڕاگەیاندووە کە زانیارییە هەواڵگرییەکان جووڵەی سەربازیی ئێرانیان دەرخستووە، کە کۆکردنەوەی مووشەکی بالیستی و بەهێزکردنی بەرگرییەکان لەخۆدەگرێت؛ ئەمەش ڕه‌نگه‌ ئاماژە بێت بۆ ئامادەکاریی ئەگەری بۆ لێدانی گورزێکی پێشوەختە کە ئامانج لێی پەکخستنی تواناکانی بەرگریی ئیسرائیل بێت پێش هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراوی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل.

سەرچاوەکان جەختیان لەوەش کردەوە کە زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بە چاودێریکردنی ئامادەکارییەکانی لایەنی ئیسرائیلیش کردووە کە بنکەکانی هێزی ئاسمانی و سەکۆکانی بەرگری ئاسمانی لە شارە جیاجیاکانی ئیسرائیلدا گرتۆتەوە؛ ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و هەندێک پێگەی سەربازی لە لوبنان و یەمەن.

نەعیم ئەبو عەبدە، توێژه‌رى سیاسی، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل لەوانەیە ئامادەکارییەکانی ئێران وەک پاساوێک بۆ لێدانی گورزێکی پێشوەختە ببینێت، سوود لە باڵادەستی ئاسمانی خۆی وەربگرێت کە لە کاتی شەڕی ڕابردووی نێوان هەردوو وڵاتدا وای لێکردبوو کۆنترۆڵی تەواوی ئاسمانی ئێران بکات.

ئه‌و توێژه‌ره‌ سیاسییه‌، جەختی لەوە کردەوە کە دۆخەکە لە خاڵێکی هەستیار نزیک دەبێتەوە لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا، لە سۆنگەی بەردەوامی ئامادەکارییە سەربازییەکانی هەردوو وڵاتدا. ئاماژەی بەوەشدا کە گەڕی نوێی چاوەڕوانکراوی ململانێکە لەوانەیە ببێتە شەڕێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا.

هەروەها هۆشداریدا له‌وه‌ى كه‌ نەبوونی دەستێوەردانی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم گرژییە و بەردەوامی پشتیوانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، هۆکارگەلێکن کە گریمانەی گۆڕینی ململانێی ئێرانی-ئیسرائیلی، لە ئەگەری ڕوودانیدا، بۆ شەڕێکی هەرێمی کە لەوانەیە بۆ چەندین مانگ بەردەوام بێت، بەهێز دەکەن.

لەلایەن خۆیەوە، توێژه‌رى سیاسی، جومعە سلێمان ئەلنسعە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ڕاگەیاندنی حاڵەتی ئامادەباشی لە ئیسرائیلدا، ڕەنگدانەوەی نیگەرانییەکانیەتی لە بەرکەوتنی هێرشێکی ڕاستەوخۆی ئێران یان لە ڕێگەی بریکارەکانیەوە (حزبوڵڵا، حوسییەکان)، هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە ئیسرائیل دۆخەکە بە زۆر مەترسیدار دەزانێت؛ ئەمەش پێویستی بە خستنە ئامادەباشی هێزی ئاسمانی و بەرگرییە ئاسمانییەکان هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مووشەکێک کە لەوانەیە لەلایەن ئێران یان حزبوڵڵاوە بهاوێژرێت.

ئه‌و توێژه‌ره‌، گوتیشی، زانیارییەکانی تایبەت بە ئامادەکارییەکانی ئێران بۆ لێدانی گورزێکی پێشوەختە لە بەرامبەر ئەگەری دەستپێشخەری ئیسرائیل بۆ هێرشکردن، هۆکارگەلێکن کە وادەکەن گرژی بەسەر ناوچەکەدا زاڵ بێت.

جێی ئاماژەیە کە قسەکردن لەسەر گەڕێکی نوێی ململانێی ئێرانی-ئیسرائیلی هاوکاتە لەگەڵ چاودێریکردنی ماڵپەڕە تایبەتمەندەکانی بواری جووڵەی فڕۆکەوانی بۆ گەڕانەوەی فڕۆکە سیخوڕییەکانی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ڕووپێوی لەسەر ئێران و ناوچەی کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە دوای ئەوەی فڕۆکە بۆمبهاوێژەکانی ئەمریکا لە ٢٢ی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا گورزیان لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران وەشاند.

گەڕانەوەی فڕۆکە سیخوڕییەکان بۆ فڕینەوە بەسەر ناوچەکانی دەوروبەری ئێراندا، نیشانەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە واشنتن خەریکی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگرییە وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕی دووەمی هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان یان سەکۆکانی بەرگری ئاسمانی ئێران.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه