شەڕە گەورەكەی هەسەدە و حكوومەتی شەرع نزێك دەبێتەوە
كارزان گلی
بەگوێرەی گوتەی عەبدوڵقادر سەلڤی، كە نزیكترین رۆژنامەنووسی ئەردۆغانە، حكوومەتی ئەحمەد شەرع، ئامادەكاری دەكات تا هێرشێكی گەورە بۆ سەر هەسەدە دەستپێبكات. سەلڤی روونی دەكاتەوە، كە شەرع بڕیاری كۆتایی داوە بۆ ئەو هێرشە، بەڵام توركیای لەگەڵدا نییە و حكوومەتی سووریا بەتەنیا ئەو هێرشە ئەنجام دەدات.
سەلڤی، خەڵكی پێ گەمژەیە كاتێك دەڵێت توركیا بەشداری لەو هێرشەدا ناكات، چونكە هەموو شڕۆڤەكارانی سەربازی كۆكن لەسەر ئەوەی لە سووریادا بەهێزترین هێز هەسەدەیە و، تەنانەت ئەگەر حكوومەتی شەرع رووبەوڕووی ببێتەوە، بەدڵنیاییەوە دووچاری شكستێكی گەورە دەبێت، بەڵام روونە توركیا پاڵپشتییەكی گەورەی سووریا دەكات بۆ ئەو هێرشە.
حكوومەتی سووریا، گرێبەستی لەگەڵ توركیادا كردووە، تا ژێرخانی سەربازی سووریا بونیاد بنێتەوە، بۆیە هیچ جموجۆڵێكی سەربازی حكوومەتە داعشییەكەی شەرع، بەبێ توركیا نابێت، ئەگەر ئەوەش روو بدات كارەساتی گەورەی بەدوادا دێت.
توركیا و سووریا، داوا دەكەن رێككەوتنی ١٠ی ٣ی نێوان شەرع و مەزڵووم عەبدی جێبەجێ بكرێت، كە هەسەدە بچێتە ناو سووپای سووریا و بەنداوی تشرین رادەستی حكوومەتی سووریا بكرێت و هەروەها هەموو سەرچاوەكانی وزەش بدرێتەوە سووریا، بەكورتی چەككردنی هەسەدە.
بەڵام دوای ئەوەی، شەرع دوو كۆمەڵكووژی گەورەی دژی عەلەوییەكان و دوورزییەكان لە سوەیدا و لازقییە ئەنجامدا، عەبدی و كورد، متمانەیان پێی نەما، چونكە ئایدۆلرژیای دینی و عروبە، بەتەواوی بەسەر شەرع و بەرپرسەكانیدا زاڵە، ئەوان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت، كورد و عەلەوی و دوورزییەكان كۆمەڵكووژ دەكەن، بۆیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ، عەبدی لە رێككەوتنەكە پەشیمانە.
ئەگەر بێت و حكوومەتی سووریا، بە پاڵپشتی توركیا هێرش بكاتە سەر هەسەدە، دوو ئەگەری زۆر مەترسیدار روو دەدات.
یەكەم: ئەو پڕۆسەیەی توركیا و ئۆجەلان دەستیان پێكردووە، بۆ چەكدانانی پەكەكە و دروستكردنی كۆمیسیۆنێكی ٥١ كەسی لەبار دەچێت، واتە ئەو ئاشتیی و برایەتییەی باس دەكرێت، لە ماوەی چەند خولەكێكدا دەگۆڕێت بۆ دوژمنایەتی، چونكە پرسی چارەسەریی سەر ناگرێت، ئەگەر توركیا پەیوەندیی لەگەڵ هەسەدە خراپ بێت، یان هێرشی سەربازی بكاتە سەر. بۆ وەبیرهێنانەوە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد، پرسی چارەسەریی لە ٢٠١٥ كۆتایی پێبێت، پەلاماردانی توركیا بوو بۆ سەر هەسەدە لە سووریا.
دووەم: ئەو شەڕە زۆر گەورە دەبێت، وڵاتانیش بەوەكالەت دێتە ناو ئەو شەڕەوە، بەتایبەت ئێران و رووسیا و ئەمریكا و ئیسرائیل، بۆیە دەرگا دەكرێتەوە بۆ ئاوارەبوونی ملیۆنان هاووڵاتی تری سووریی، ئەمەش لەبەرژەوەندیی ئەرووپا نابێت، بۆیە رەنگە فەڕەنسا هەموو هەوڵێكی خۆی بخاتە گەڕ، تا هەسەدە و سووریا بگەنە رێككەوتن و رۆژئاوا ببێتە ئیدارەیەكی لامەركەزیی.
وەڵام بدەوه