ماوەیەك بوو راپۆرتەكان باسی كشانەوەی سوپای ئەمەریكایان لە سووریا دەكرد، بەتایبەتی بەرپرسانی سیاسیی ئەو وڵاتە دووپاتیان لە نەبوونی پێویستیی مانەوەی سوپای ئەمەریكایان لە سووریا دەكرد، كەچی ئێستە سوپای ئەمەریكا لە سووریا خەریكی بەهێزكردنی بنكە سەربازییەكانیەتی، بەتایبەتی لە باكور و رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێك لە مانگی ئایاری رابردوو دەستی پێ كردووە.
چەند سەرچاوەیەكی سووری ئاماژە دەكەن لە چەند رۆژی رابردوو جموجۆڵێكی سەربازیی ئەمەریكی لە ژمارەیەك بنكەی سەربازی بەدی كراوە، لەوانە بنكەیەك لە پارێزگای حەسەكە، كە چەكی ناوەند و قورس و سەتان زریپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی لە جۆری برادلی و هەمەر لە عێراقەوە بۆ ئەوێ هاتوون، ئەوەش دووپات لە زیادكردنی هێزی سەربازیی ئەمەریكی لە ناوچەكە دەكاتەوە كە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
بەپێی سەرچاوەكان هەروەها سوپای ئەمەریكا هێزی گەڕۆكی لە چەند ناوچەیەك زیاد كردووە كە بنكەی سەربازی لێ نییە، لەوانە لە پارێزگای دێرزوور و كۆبانی، ئەوەش مانای فرەوانبوونی بازنەی دەسەڵاتی ئەمەریكایە لەو ناوچانە، كە هاوكات پاشەكشەی واشنتنە لە پلانەكانی پێشووی بۆ كشانەوەی لە بنكەی سەربازییەكانی لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا.
لە سایەی زیادبوونی هێز و چالاكیی سوپای ئەمەریكا لە پارێزگاكانی باكوری رۆژهەڵاتی سووریا، سەرچاوەكان پێشبینی دەكەن ئەو ناوچانە ببنە بنكەیەكی سەرەكیی سەربازیی ئەمەریكی بە هاوشێوەی بوونی سوپای ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان.
وەڵام بدەوه