هاوكات لەگەڵ ئەو جەنگەی راستەوخۆ لە شاری غەزە هەیە و بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەكانی لە لبنان و یەمەن، ئیسرائیل شەڕێكی سەختی دەروونی لەگەڵ ئێران دەكات، لە دوای هێرشە 12 رۆژییەكەی مانگی حوزەیرانی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر تاران، ئەو وڵاتە خەریكی پاككردنەوەی دەزگا هەستیارەكانیەتی لە نۆكەر و سیخوڕەكانی ئیسرائیل، سەرۆكی دەزگای مۆساد دووپاتی دەكاتەوە كە توانای باشی هەواڵگرییان لە ناو جەرگەی تاران هەیە.
دێڤید برنیع سەرۆكی دەزگەی هەواڵگریی ئیسرائیل "مۆساد"، رای گەیاند كە دەزگەكەی خاوەن توانای گەورەی هەواڵگرییە بە تایبەتی لە ناو جەرگەی تارانی پایەتەختی ئێران، نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی كرد كە برنیع ئەو قسەانەی لە ئاهەنگێكی دابەشكردنی خەڵاتی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ چالاكییەكانی مۆساد لە 2023 و 2024 كردووە، كە ئێوارەی دوێنێ چوارشەم بە ئامادەبوونی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ساز كراوە.
برنیع لە وەڵامی پرسیارێك لەبارەی شەڕی ئێران گوتی، ساڵی رابردوو رووداوێكی مێژوویی رووی دا، رەنگە گەورەترین بێت، ئەویش ئۆپراسیۆنی "شێری سەركەوتوو" بوو بە سەركردایەتیی سوپای ئیسرائیل، كە تیایدا توانرا بە هاوكاریی مۆساد گورزێكی گەورە لە دژمن بدرێت، كە هەڕەشەیەكی مان و نەمان بوو بۆ ئیسرائیل.
دووپاتی كردەوە، زنجیرەیەك ئۆپراسیۆنمان لە دوای یەك ئەنجام دا و سوپای ئیسرائیل بەر لە هەموو شتێك بە هاوكاریی مۆساد توانی هاوسەنگیی شەڕ لە دژی ئێران ئاوەژوو بكاتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەو گورزە گەورەی ئیسرائیل لە ئێران و گرووپەكانی بەرەی موقاوەمەی دا، لەوانە حزبوڵای لبنانی.
برنیع دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل ئەوەی سەلماند كە دەتوانرێ دزە بكرێتە ناو ئێران و مۆساد خاوەن توانای زۆرباشی كردەنییە لە ناو ئێران و لەناو جەرگەی تاران، لە بەهێزكردنی تواناكانمان لە ناو ئێران بەردەوام دەبین و چاومان كراوە دەبێت و رێگە بەو بیرۆكانە نادەین كە زیان بە ئاسایش و گەشەسەندنمان دەگەیەنێت.
وەڵام بدەوه