ئەمڕۆ شەممە، ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ لە پارێزگای سوەیدای سووریا، درووزەکان بە بەرزكردنەوەی ئاڵای خۆیان و هەروەها ئاڵای ئەمریکا و ئیسرائیلەوە خۆپیشاندانیان بۆ مافی چارەی خۆنووسین دەست پێکرد.
بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی سووریا، خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی ئەلسیر لە سەنتەری شاری سوەیدا و نزیک گۆڕی سوڵتان پاشا ئەلعەترەش لە شارۆچکەی ئەلقەریا و شارۆچکەی شەهبا دەستی پێکردووە و درووزەکان داوای جیابوونەوە و "پاراستنی نێودەوڵەتی" دەکەن.
هەروەها، خۆپیشاندەران داوای "سەربەخۆیی" و ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان دەکەن و ئاشتەوایی لەگەڵ حکوومەتی سووریا ڕەت دەکەنەوە.
جێی باسە، ئەم خۆپیشاندانانە چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕێککەوتنێکی سێقۆڵیی لەگەڵ ئوردن و ئەمریکا بۆ چارەسەرکردنی پرسی سوەیدا و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە و بەرەوپێشبردنی ئاشتەوایی نیشتمانی واژۆ کرد.
ڕێککەوتنەکە زۆر لەو بڕگانەی لەخۆ گرتبوو کە پارێزگاکە داوای دەکرد، لەوانە لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی لەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی مانگی تەمووزی ڕابردوودا ڕوویان داوە، هەروەها پەله بکرێت لە ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان لە هەموو لایەکەوە.
سەرەڕای ستاییشی بەربڵاویی نێودەوڵەتی بۆ ئەو ڕێککەوتنە، لیژنەی باڵای یاسایی لە سوەیدا کە سەر بە شێخ حیکمەت ئەلهجرییە، کە یەکێکە لە رێبەرانی ئایینیی درووزەكان، ڕەتکردنەوەی ناڕەزایی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند کە خەڵکی سوەیدا "مافی خۆیان هەیە بە ئازادی و سەربەخۆ چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، جا چ لە ڕێگەی خۆبەڕێوەبردن یان جیابوونەوە.“
وەڵام بدەوه