بڕیارە کۆمەڵێک هێزی بیانی و عەرەبی و ناوچەیی بۆ غەزە رەوانە بکرێن بۆ ئەوەی هاوکار بن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاشتی.
بەریتانیا رای گەیاند لە پێناو جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و چاودێریکردنی دۆخەکە و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی هێز رەوانەی غەزە دەکات.
تەنیا هێزی بەریتانی رەوانەی غەزە ناکرێت بەڵکوو بڕیارە گرووپێکی تایبەتیش پێکهاتوو لە هێزەکانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئیمارات لە ناوچەکە جێگیر بکرێن و رۆڵی چاودێر لە پرسی رێککەوتنی ئاشتی بگێڕن و هاوکاری بکەن لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە دانیشتووانی غەزە.
ئەو گرووپە جیاوازە لەو هێزە نێودەوڵەتییەی لە رێککەوتننامەی ئاشتی ئاماژەی پێ کراوە کە ئامانج لێی دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەن بۆ غەزەیە.
گوتەبێژی حکوومەتی بەریتانیا دەڵێت ''ئێمە لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان هاوکار دەبین تا ئاگربەست سەرکەوێت و لەوە دەکۆڵینەوە چۆن بتوانین یارمەتیی زیاتر پێشکەشی ئەو پڕۆسەیە بکەین.'
پێویستە بگوترێ بەپێی رێککەوتنەکە حەماس لە چەک دادەماڵدرێت هەر چەندە لە رۆژانی رابردودوا ژمارەیەک لە بەرپرسانی حەماس رەتیان کردبووەوە چەک دانێن.
وا پێدەچێت ناردنی هێزی نێودەوڵەتی و ناوچەکە بۆ غەزە ئەوە بێت پێش بە هەڵگیرسانەوەی جەنگ بگیرێت و حەماس لە رێی ئەو هێزانەوە ناچار بکرێت چەک دابنێت چونکە ئیسرائیل سوورە لە بەردەوامیدان بە جەنگ ئەگەر حەماس نەیەتە ژێر باری رێککەوتنەکەوە.


وەڵام بدەوه