سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سووریا بۆ كۆشكی سپی و پێشوازیلێكردنی لەلایەن دۆتاڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەو پرسیارەی وروژاندوە، ئایە ترەمپ هەسەدە رادەستی شەرع دەكات و پشتی تێدەكات؟
سەردانەكەی شەرع بۆ كۆشكی سپی و ئەو پێشوازییە گەورەیەی لێیكرا، مێژووییە و لە میدیاكانی جیهان دەنگی دایەوە، چونكە پێشتر شەرع لەلایەن ئەمریكاوە وەكوو تیرۆرست ناسێنرابوو و تەنانەت زیاتر لە ١٠ ملیۆن دۆلاریان دانابوو بۆ هەر كەسێك شوێنی شەرع ئاشكرا بكات، بەڵام ئەمجارەیان وەكوو سەرۆك و شۆڕشگێر پێشوازی لێكرا و ناوی هێنرا، ئەمەش هەسەدە و كوردی نیگەران كردووە، ترسیان هەیە بفرۆشرێن.
بەگوێرەی بۆچوونی بەشێكی زۆری شڕۆڤەكارانی سیاسی، دوو ئەگەر هەیە لەبارەی هەسەدە و ئاییندەی ئەو هێزە لە سووریا.
یەكەم: رەنگە ترەمپ داوای لە شەرع كردبێت، مافی كورد بدات و پێویستە هەسەدە بچێتەوە سەر سوپای بەرگری سووریا، بەو مەرجەی ناوچەی رۆژئاوای كوردستان خۆیان بەڕێوەی ببەن، واتە هەسەدە رادەستی سووریا ناكرێت و دەبیێت سووریا دانی پێدا بنێت. پێشتریش مەزلووم عەبدی گوتبووی، هەسەدە وەكوو هێز دەمێنێتەوە و رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە دەبات، بەڵام وەكوو میلاك دەچنە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا.
دووەم: رەنگە ترەمپ رێگە بدات هەسەدە بەتەواوی خۆی رادەست بكات و پێویست ناكات رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە ببەن، واتە خۆرادەستكردن
بەڵام ئەگەری دووەم زۆر لاوازە و ئەگەر ترەمپ هەنگاوی لەو شێوەیە بهاوێت متمانە لەلای دۆستانی لە جیهان لەدەست دەدات، چونكە تاوەكوو ئێستاش رەخنە لە ترەمپ دەگیرێت بەوەی لە عەفرین رێگەیدا توركیا هێرش بكاتە سەر هەسەدە و ئەو شارە داگیر بكات.
وڵاتانی ئەندام لەو هاوپەیمانییەی بۆ لێدان لە داعش دروست بوو، دژی ئەوەن هەسەدە چەك بكرێت و پشتی تێبكەن، ئەوان پێیانوایە مەترسییەكە زۆر گەورە دەبێت.
ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بەهەموو شێوەیەك دژی ئەوەن سووریا هێرش بكاتە سەر هەسەدە، چونكە شەڕێكی گەورەی ناوەخۆیی روو دەدات، دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران هاووڵاتی تر ئاوارە بن و ئەو ئاوارانەش روو لە ئەورووپا دەكەن، بەتایبەت ئەڵمانیا و فەڕەنسا، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەن بەرێگەی دیالۆك ناكۆكییەكان چارەسەر بكرێت.
توركیا و رۆڵی لە ئاییندەی سووریادا
توركیا خۆی یەكلایی كردوەتەوە، كە هەسەدەی پێتیرۆرستە و دەڵێت دەبێت بچنەوە سەر وەزارەتی بەرگری سووریا، هەروەها ژێرخانی سەربازی سووریاش هەر توركیا دروستی دەكات، بەڵام تا چەند لەوەیاندا سەركەوتوو دەبێت، لە ئاییندە روون دەبێتەوە.
میدیاكانی نزیك لە ئاكەپە بڵاویان كردووەتەوە، توركیا پاڵپشتی لە سووریا دەكات بۆ لێدان لە هەسەدە. باسیان لەوەش كردووە، پێویستە تا سەری ساڵ هەسەدە خۆی رادەست بكات و شتێك نەمێنێت بەناوی هەسەدە، ئەگەر ئەوە روو نەدات هێرش بۆ سەر هەسەدە دەستپێدەكات.
ئاژانسی (BBC) توركی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر بێت و توركیا هاوكاری سەربازی سووریا بكات بۆ لێدان لە هەسەدە، پرسی چارەسەری لە توركیا كۆتایی پێدێت، واتە ئەو هەوڵەی لەناو پەرلەمانی توركیا و لەلایەن عەبدوڵا ئۆجەلان و حكوومەتی توركیا بۆ پرسی ئاشتی دەستپێكردووە، كۆتایی پێدێت و شەر هەڵدەگیرسێتەوە.
توركیا باش دەزانێت پرسی چارەسەری كورد لە توركیا، گرێدراوە بە پرسی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، واتە چەندە لەگەڵ رۆژئاوا نەرم بێت و دانووستان بكات، ئەوەندەش دانووستان لە باكووری كوردستان ئاسان دەبێت و پرسی چارەسەری ئەنجامی دەبێت.
ئەمریكا تاوەكوو ئێستا سیاسەتێكی روونی نییە بۆ رۆژئاوای كوردستان، بەئاشكرا دژی هەسەدە نەوەستاوەتەوە، بەپێچەوانەوە تا دێت ئەو هێزە پڕ چەك دەكات، بەڵام خۆی یەكلایی نەكردووەتەوە بەوەی دەبێت هەسەدە وەكوو هێز بمێنێت و رۆژئاوای كوردستان بەڕێوە ببات، تەنیا لەژێر پەردە و كۆبوونەوە نهێنییەكاندا لەوڕووەوە گفتوگۆ كراوە، بەڵام ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی بڵاونەكراوەتەوە، ئەمەش گومانی لای كورد دروست كردووە.
هەسەدە بەهێزترین هێزی سووریایە، ژمارەیان زیاترە لە ١٠٠ هەزار چەكدار و بەشێوەیەكی ئەكادیمی راهێنراون بۆ جەنگ، لە شەڕ دژی گروپی تیرۆرستی داعشدا، رۆڵێكی گەورەیان هەبوو و توانیان لە سووریا داعش تێكبشكێنن و لەناوی ببەن، بۆیە بەگوێرەی هەموو پێشبینییەكان ئاییندەی سووریا بەبێ هەسەدە هیچ ئەنجامێكی نابێت و پەلاماردانی ئەو هێزە، سووریا دەباتەوە بۆ ٢٠١١ و رەنگە شەڕێكی گەورە بەرپا ببێت و ئەحمەد شەرع، لە بری ئەوەی سووریا ئاوەدان بكاتەوە و ئارامی بۆ وڵات بهێنێت، بە پەلاماردانی هەسەدە، ریسەكەی لێ دەبێتەوە بە خووری.


وەڵام بدەوه