رۆژنامەی جێروزالم پۆستی ئیسرائیلی داوای كردووە كە پێویستە ئامادەكاری بۆ جەنگێكی "نزیك لە حەتمیبوون" لەگەڵ ئێران و "بەرەی بەرگری" دەست پێ بكات، كە عێراقیشی تێدایە، چونكە سەرەڕای ئەو گورزە كوشندانەی بەریان كەوتووە، هێشتا جەنگەكە یەكلایی نەبووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، گۆڕینی سەركەوتنی سەربازی بۆ "دەستكەوتێكی ستراتیجیی راستەقینە" ئامانجێكی سەختە و سەرەڕای ئەو گورزە توندانەی لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەر رژێمی ئێران و هاوپەیمانەكانی كەوتووە، ئەنجامەكە یەكلاكەرەوە نەبووە.
بەرەی بەرگری هێزی ماوە
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە سوپای پاسدارانی ئێران هێشتا خاوەن نفوزی سیاسی و سەربازییە لە عێراق و پێش جەنگی ئیسرائیل-ئێران، مووشەكی بالیستیی پێشكەوتووی گواستووەتەوە بۆ عێراق. لە لایەكی ترەوە، حوسییەكانی یەمەن سەرەڕای بۆردمانە چڕەكان و كوشتنی سەركردەكانیان لە ساڵی 2024ـەوە، هێشتا یەكگرتوون و كۆنترۆڵی دۆخەكەیان كردووە.
بەپێی راپۆرتەكە، حزبوڵای لبنانیش، سەرەڕای لەدەستدانی سەركردایەتی و بەشێكی زۆری چەكدار و جبەخانەكەی، بەخێرایی خەریكی خۆڕێكخستنەوەیە. زانیارییە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل ئاشكرای دەكەن كە حزبوڵا خێراتر لە توانای بۆردمانكردنی سوپای ئیسرائیل، خەریكی پڕچەككردنەوەی خۆیەتی و هێڵەكانی گەیاندنی چەكی ئێرانیش بۆ لبنان لە رێگەی عێراق و سووریاوە، بەلایەنی كەمەوە بەشێكی چالاك كراوەتەوە.
سەبارەت بە غەزەش، راپۆرتەكە دەڵێت بزووتنەوەی حەماس كۆنترۆڵی سیاسی و سەربازیی خۆی بەسەر نزیكەی 50%ی ئەو كەرتەدا سەپاندووەتەوە كە سوپای ئیسرائیل لێی كشاوەتەوە.
ئێران جبەخانەكەی بە یارمەتیی چین دروست دەكاتەوە
جێروزالم پۆست دەنووسێت، هەرچەندە بەرەی بەرگری گورزی كوشندەی لە سووریا بەهۆی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە بەركەوت، بەڵام ئێران خۆی خەریكی دروستكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی مووشەكی بالیستییە. سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ئەمەریكی و ئیسرائیلی دووپاتیان كردەوە كە گورزەكان توانیویانە توانای دروستكردنی مادەی سەرەكیی سووتەمەنیی مووشەك لە ئێران بپوكێننەوە، بەڵام ئێران بە یارمەتیی چین توانیویەتی بەخێرایی ئەو توانایە بگەڕێنێتەوە.
هەواڵگریی ئەوروپی چاودێریی گواستنەوەی 2000 تۆن لە مادەی "پێرکلۆرایتی سۆدیۆم"ـی كردووە لە چینەوە بۆ ئێران، كە بەشی بەرهەمهێنانی نزیكەی 500 مووشەك دەكات. راپۆرتەكە دەڵێت كارگەكانی مووشەكی ئێران شەو و رۆژ كار دەكەن بۆ ئەوەی بتوانن لە یەك كاتدا 2000 مووشەك بهاوێژن تا بەسەر بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیلدا زاڵ بن.
بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل لە مەترسیدایە
راپۆرتەكە روونی كردووەتەوە كە جەنگی 12 رۆژە، جبەخانەی مووشەكە بەرگریكارەكانی (Interceptor) ئیسرائیل و ئەمەریكای بە شێوەیەكی بەرچاو كەم كردووەتەوە. ئەمەریكا نزیكەی چارەكێكی كۆگاكانی مووشەكی "تاد" و "ئێس ئێم-3"ـی بەكارهێناوە. هاوكات، مووشەكە بەرگریكارەكانی "ئارۆ"ی ئیسرائیلیش خەریك بوو بە تەواوی تەواو بن، ئەمەش تەنیا بۆ بەرگریكردن بوو لە نزیكەی 500 مووشەك لە ماوەی 12 رۆژدا. راپۆرتەكە دەپرسێت: "ئەگەر ئەم ژمارەیە لە یەك رۆژدا بهاوێژرێت، یان چوار هێندەی بهاوێژرێت، دۆخەكە كارەساتبار دەبێت."
لە كۆتاییدا، رۆژنامە ئیسرائیلییەكە دەڵێت: "بێ گوێدانە ئەوەی لە غەزە، لبنان، یەمەن یان عێراق روودەدات، روونە كە ئیسرائیل ناتوانێت رێگە بدات ئێران جبەخانەكەی دروست بكاتەوە. چەند ئیسرائیل گورزێكی تر دوابخات، مەترسیی وەڵامی تاران زیاتر دەبێت. بۆیە، دەبێت ئامادەكارییەكان بۆ ئەم جەنگە نزیك لە حەتمییە، هەر ئێستا دەست پێ بكات."


وەڵام بدەوه