Kurdistan Press - نەتەنیاهۆ قەوماندی نەتەنیاهۆ قەوماندی | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

نەتەنیاهۆ قەوماندی

بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکی وڵات ڕایگەیاند، مانگەکانی داهاتوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووداوی نائاسایی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش پێویستیی بە ئامادەکاریی گەورە و هەوڵی دیپلۆماسی و ئەمنی هەیە بەدرێژایی کات (شەو و ڕۆژ).

نەتانیاهۆ لە نامەکەدا دەڵێت لە ساڵانی ڕابردوودا گرژی و دابەشبوون لەنێوان چینەکانی گەل و دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا قووڵ بووەتەوە و ئاگادار کراوەتەوە کە ئەو پڕۆسەیەی بەڕێوەی دەبات سەبارەت بە پرسی لێخۆشبوون، بەرەو کۆتایی دەچێت.

هەروەها گوتی: "وەک خاوەن بەرپرسیاریەتییەکی جەماوەری و نیشتمانیی فراوان و لە سۆنگەی تێگەیشتن لە بەرپرسیارێتییەکانم بەرامبەر بە هەموو هاووڵاتییان، دوای ئەوەی داواکارییەکەی بەڕێزتم بیست کە ڕۆڵی خۆم وەک سەرۆکوەزیران بە بەرپرسیارەتییەوە بەڕێوە ببەم و بەردەوام بم لە سەرکردایەتیکردنی ڕێڕەوەکە تا کۆتایی خولی دەسەڵاتم."

دەشڵێ: "لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتیی جەماوەریمەوە وەک سەرۆکوەزیران بۆ هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کەلێنی نێوان چینەکانی گەل، گومانم نییە لەوەی کە یەکلاکردنەوە یاساییەکان یارمەتیدەر دەبن بۆ هێورکردنەوەی ئەو گرژییە جەماوەرییەی لە دەوروبەرمان هەیە".

ئاماژەی بەوەش کردووە: "لەبەردەم ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و دیپلۆماسییانەی کە لەم ڕۆژانەدا لەلایەن وڵاتانی دوژمنی ئیسرائیلەوە ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبنەوە، من پابەندم بەوەی هەموو توانایەکم بخەمە گەڕ بۆ گەڕاندنەوەی سەرباز و هاووڵاتییە ڕفێنراوەکان، بۆ گەڕاندنەوەی یەکڕیزیی گشتی و بەهێزکردنی متمانەی نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەت، هەروەها بۆ ئەنجامدانی هەرشتێک کە بکرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانم بەرامبەر دەوڵەت.

لەو نامە درێژەدا کە داوای لێخۆشبوونی تێدابوو و نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، نەتانیاهۆ ئاماژەی بەوە کردبوو کە "لە مانگەکانی داهاتوودا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووداوی نائاسایی بەخۆیەوە دەبینێت. ئێمە لەم ڕۆژانەدا بەشێکی دەبینین. ئەو لێکتێگەیشتنانەی کە لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دیکەدا کاری لەسەر دەکرێت (بابەتێکە پێویستیی بە ئامادەکاریی گەورە و هەوڵی دیپلۆماسی و ئەمنی هەیە لە شەو و ڕۆژدا)".

لە لایەکی دیکەوە ڕادیۆی سوپا پێشکەشکردنی داوای لێخۆشبوون لەلایەن نەتانیاهۆوە بە "بوومەلەرزە" وەسف دەکات و دەڵێ: "نەتانیاهۆ لە داواکەیدا بۆ هێرزۆگ نووسیویەتی: ڕێوشوێنە دادوەرییەکانی ئێستا سەبارەت بە من بووەتە تەوەری ڕووبەڕووبوونەوەی توند و سەرەڕای بەرژەوەندیی کەسیی خۆم لە بەڕێوەبردنی دادگاییکردنەکە و سەلماندنی بێتاوانیم تا پاکبوونەوەی تەواو، بەڵام پێم وایە بەرژەوەندیی گشتی پێچەوانەی ئەوە دەخوازێت".

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه