بەپێی زۆرینەی راپۆرتەكان ئێران خۆی بۆ گەڕێكی تری شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریكا ئامادە كردووە، ناوە ناوە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە میدیاكان ئامادەیی خۆین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێكی تری ئیسرائیل دووپات دەكەنەوە، بڕیارە لە كۆتایی ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل چاوی بە سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت و چەند پرسێكی گرنگ تاوتوێ بكەن، لەوانە هێرشێكی تر بۆ سەر ئێران.
لەوكاتەی بڕیارە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە كۆتایی ئەم مانگە لە فلۆریدا چاوی بە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، بەرپرسانی ئیسرائیل زیادبوونی نیگەرانیی وڵاتەكەیان لە فرەوانبوونی بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران دەردەبڕن، كە لە حوزەیرانی رابردوو بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیل زیانی بەر كەوت.
ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمەریكی ئاشكرایان كرد كە بڕیارە لە دیدارەكە نەتنیاهۆ باسی هێرشێكی تری ڵاتەكەی بۆ سەر ئێران بۆ ترەمپ بكات، وەك ئەمڕۆ تۆڕی هەواڵی "ئێن بی سی نیوز"ی ئەمەریكی باسی كردووە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵی ئەوەش دەدات قەناعەت بە ترەمپ بكات بەوەی فرەوانخوازییەكانی ئێران لە بەرنامە مووشەكییەكەی هەڕەشەیە و پێویست بە جموجۆڵێكی بەپەلە دەكات.
نەتنیاهۆ هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت كە كە جموجۆڵەكانی تاران تەنیا مەترسی بۆ سەر ئیسرائیل دروست ناكەن، بەڵكو مەترسین بۆ سەر تەواوی ناوچەكە و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكاش، بۆیە پێویستە ئەمەریكا بێتە پاڵ ئیسرائیل لە هێرشەكەی یان یارمەتی بدات.


وەڵام بدەوه