ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایدەگەیێنێت، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق دوای شکستهێنانیان لە کۆنتڕۆڵکردنی گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە، پەنایان بۆ ڕەفتاری نامرۆیی بردووە و گەنجە ڕفێندراوەکانی ناوچەکە وەک قەڵغانی مرۆیی لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بەکاردەهێنن.
هەسەدە، ڕاگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە هێرشی تانک و بۆردوومانە چڕەکان نەیانتوانی ئیرادەی دانیشتووانی گەڕەکە گەمارۆدراوەکان بشکێنن ئەم گرووپانە سیاسەتێکی سیستماتیکیان بۆ ڕاگواستنی زۆرەملێی خەڵک گرتووەتەبەر و جگە لە بەکارهێنانی گەنجان وەک قەڵغان، هاووڵاتییە بەتەمەنەکانیشیان بە زۆر گەڕاندووەتەوە ناو گەڕەکە گەمارۆدراوەکان تاوەکو وەک کارتی گوشار بەکاریان بهێنن."
لە ڕاگەیێنراوەکەی هەسەدە هاتووە: "ئەم ڕەفتارانە بە پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بەها مرۆییەکان دادەنرێت، ئامانج لێی دروستکردنی گوشاری دەروونی و سەربازییە لەسەر هاووڵاتییانی مەدەنی بە مەبەستی چۆڵکردنی ناوچەکە."
٠ ئەم پەرەسەندنە ترسناکە لە کاتێکدایە کە شەڕ لە میحوەرەکانی کاستیلۆ و لیرمۆن بە چەکی قورس بەردەوامە.
هێزە ئەمنییەکان دەڵێن: "ڕێگرییان لە هەوڵی پێشڕەویی تانکەکان کردووە و تا ئێستاش زیاتر لە 20 مەدەنی گیانیان لەدەستداوە"
بەریتانیا، هۆشداری لە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە حەلەب دەدات و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پاراستنی مەدەنییەکان دەکات تاوەکو ڕێگری لە کارەساتی گەورەتر بگیریێت.


وەڵام بدەوه