وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، ئەمڕۆ هەینی ڕای گەیاند كۆمەڵێك فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی بنکەیەک لە قەتەر دەکەن، ئەوەش لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا ئەو كۆمەڵە فڕۆكە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی گرەنتی بەرگریی نێوان شانشینی یەکگرتوو و قەتەر، بۆ مەبەستی بەرگری لە ناوچەی کەنداو بڵاو بووەتەوە.
بەپێی میدیا جیهانییەکان، ئەو هێزە سەر بە هێزی ئاسمانیی شاهانەیە و بریتییە لە "سربی 12"، کە یەکەیەکی هاوبەشی بەریتانی - قەتەرییە و فڕۆکەی جۆری "تایفۆن" بەکار دەهێنێت.
قەتەر بە یەکێک لە دیارترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە دادەنرێت و میوانداریی بوونێکی سەربازیی فراوانی ئەمەریکا دەکات لە بنکەی ئاسمانیی عەدید. دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بۆمبهاوێژەکانی ئەمەریکا لە جۆری B-2 بۆردمانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان کرد، تاران بە هێرشی مووشەکی وەڵامی دایەوە و بنکەی عەدیدی کردە ئامانج.
هەروەها بنکەکە بوونی سەربازیی بەریتانیای تێدایە لە ڕێی گرووپی ئاسمانیی گەڕۆکی 83، ئەوەش لە چوارچێوەی هاوکاریی بەرگریی نێوان هەردوو وڵات.
لەلایەکی ترەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو دامەزراندنی "شانەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەرگریی ئاسمانیی هاوبەش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"ـی لە ناو بنکەی ئاسمانیی عەدید ڕاگەیاند، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی تەواوکاری و هاوئاهەنگی لە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکە.


وەڵام بدەوه