بەگوێرەی میدیای سووریا، دیمەشق و هەسەدە لەژێر چاودێریی ئەمریکا و فەڕەنسا، گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی نوێ بۆ جێگیرکردنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە.
شاندێکی هەسەدە بەسەرپەرشتی مەزڵووم عەبدی بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی سووریا لە دیمەشقە، تاوەکوو جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی یەکخستنی دامەزراوەکانی وڵات بە فەرمی یەکلا بکەنەوە.
شێوازی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە: بەگوێرەی میدیای سووریا وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکەی دیمەشق و هەسەدە بەمجۆرەیە:
هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لەناو شارەکان و شوێنە گرنگەکاندا (حەسەکە، قامیشلۆ و ناوچەکانی دیکە) بڵاوەیان پێ دەکرێت، بۆ پاراستنی ئاسایش.
هێزەکانی هەسەدە لەناو گوندەکان و ئەو شوێنانەی ئێستا لێی جێگیرن، دەمێننەوە.
دەست دەکرێت بە ئامادەکاری بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا.
هەموو جۆرە کار و چالاکییەکی سەربازی لەسەرجەم بەرەکانی جەنگ ڕادەگیرێت.
بڕیارە لە دوو ڕۆژی داهاتوودا جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە بچێتە بواری کردارییەوە.
ئەم خولەی دانوستانان بە پشتیوانیی واشنتن بەڕێوەدەچێت و هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەستی ئێستا لە سەرانسەری ناوچەکەدا تاوەکو 8ـی شوباتی داهاتوو.
دیمەشق و هەسەدە ماوەی ساڵێکە لە ململانێدان بۆ تێکەڵکردنی دەسەڵاتە سەربازی و مەدەنییەکان، کە دوای ڕێککەوتنی 18 کانوونی دووەم ئێستا پڕۆسەکە چووەتە قۆناغی کردەیی و نێودەوڵەتی.


وەڵام بدەوه