KurdistanPress...

CLOSE

زەنگی مەترسی گەورە بۆ سەر ئیسرائیل لێدرا

ڕۆژنامەی (مەعاریف)ی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا پەردە لەسەر سیناریۆیەکی مەترسیدار لادەبات کە سوپای ئەو وڵاتە خۆی بۆ ئامادە دەکات.

بەپێی خەمڵاندنە سەربازییەکان، ئیسرائیل لە ئەگەری شکستهێنانی دۆسیەی ئەتۆمی و تەقینەوەی بارودۆخی ناوچەکە، ڕووبەڕووی ١٨٠٠ مووشەکی بالیستیی ئێران و جەنگێکی هاوکات لە چوار بەرەی جیاواز دەبێتەوە.

ئۆپەراسیۆنی هاوکات لە غەززە و لوبنان

ئاڤی ئەشکەنازی، پەیامنێری سەربازیی ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، کە تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هێزە ئاسمانییەکان مەشقێکی کردەیی توندیان ئەنجام داوە، کاتێک ناچار بوون لە یەک کاتدا هێرش بکەنە سەر کەرتی غەززە و باشووری لوبنان. ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە هەرچەندە ئەم هێرشانە بوونەتە کارێکی ڕۆتینی، بەڵام ئامانج لێی ئامادەکارییە بۆ ساتی یەکلاکەرەوە و یەکگرتنی هەموو بەرەکان دژی ئیسرائیل.

غەززە و لوبنان، سەنگەری پێشەوەی ئێران

بەپێی زانیارییەکانی میدیای عیبری، حیزبوڵای لوبنان و بزووتنەوەی حەماس لە غەززە، تەواوی جووڵەکانیان بەستۆتەوە بە ستراتیژییەتی ئێران و ئەمه‌ریکاوە. ئەشکەنازی دەڵێت: "تاران بە پارەی زەبەلاح پاڵپشتی حیزبوڵا دەکات و وەک پاڵپشتی بۆ پاراستنی  بەکاری دەهێنێت". 

هاوکات، ئیال زەمیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لە ناو جەرگەی غەززەوە پەیامێکی توندی نارد و ڕایگەیاند، سوپا لە دۆخی بەرگرییەوە پەڕیوەتەوە بۆ هێرش و تا داماڵینی تەواوی چەکی حەماس ناوەستێت.

ئامانجەکان لەناو جەرگەی تارانن

جگە لە مەترسییەکانی غەززە، لوبنان و حوسییەکانی یەمەن، ئێستا "بەرەی چوارەم" کە خودی ئێرانە، بووەتە سەری ڕمی مەترسییەکان. تومەر بار، فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، تەواوی وزەی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ دیاریکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان لەناو قووڵایی خاکی ئێراندا، تا بتوانن بەرپەرچی ئەو ١٨٠٠ مووشەکە بدەنەوە کە وەک هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئیسرائیل هەژمار دەکرێن.

هەڕەشەی جەنگێکی هەرێمایەتی

لەلایەکی دیکەوە، تاران بێدەنگ نییە و هۆشداریی توند دەدات. عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکەکەیان، ئاگری جەنگەکە تەنیا ئیسرائیل ناسوتێنێت، بەڵکوو تەواوی بنکە سەربازییەکانی ئەمه‌ریکاش لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانج و جەنگێکی گشتگیری هەرێمایەتی لێ دەکەوێتەوە.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه