ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، وێنەکانی مانگە دەستکردەکان دەریدەخەن کە ئێران دەستی بە نۆژەنکردنەوە و قایمکردنی چەندان بنکەی ئەتۆمی و سەربازیی هەستیار کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لەگەڵ واشنتن.
ئەمڕۆ چوارشەم 18ی شوباتی 2026، ئاژانسی "رۆیتەرز" لە زاری پەیمانگای زانست و ئاسایشی نێودەوڵەتی (ISIS) و پسپۆڕانەوە بڵاوی کردەوە، ئێران لە چەند ناوچەیەکی جیاواز خەریکی شاردنەوە و بەهێزکردنی بنکەکانییەتی.
کۆمەڵگەی پارچین
ئەم شوێنە کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی تاران، پێشتر گومانی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی لێ دەکرا و لە تشرینی یەکەمی 2024 ئیسرائیل هێرشی کردە سەری. وێنە نوێیەکان دەریدەخەن ئێران لە ماوەی ڕابردوودا "تابووتێکی کۆنکرێتی" لە دەوری دامەزراوەیەکی نوێ لەوێ دروست کردووە و دواتر بە خۆڵ دایپۆشیوە بۆ ئەوەی دیار نەبێت.
ئەسفەهان و نەتەنز
لە ئەسفەهان، کە یەکێک بوو لەو سێ شوێنەی ئەمەریکا لە "جەنگی 12 ڕۆژە"ی حوزەیرانی 2025 بۆردومانی کرد، دەروازەی تونێلەکان بە خۆڵ داپۆشراون. پسپۆڕان دەڵێن ئەمە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی هێرشی ئاسمانی و ڕێگریکردنە لە هێزی تایبەت بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆم.
لە نەتەنزیش، لە 10ی شوباتەوە جموجووڵێکی زۆر بەدی دەکرێت بۆ قایمکردنی دەروازەی تونێلەکان لە ناو شاخەکەدا.
بنکەکانی شیراز و قوم
هەروەها لە بنکەی شیراز کە تایبەتە بە مووشەکە بالیستییەکان و بنکەی قوم، وێنەکان دەریدەخەن کە کاری نۆژەنکردنەوە و دروستکردنی سەقفی نوێ بۆ باڵەخانە زیانلێکەوتووەکان بە خێرایی بەڕێوە دەچێت.


وەڵام بدەوه