رۆژنامەیەكی ئیسرائیل لەسەر زاری بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكەی بڵاوی كردووەتەوە، ئەوەی ئێستە دەبینرێت وای لێ دەخوێنرێتەوە، هێرشی ئەمەریكا لە دژی ئێران زۆر نزیك بووەتەوە، هێرشێكە و روو دەدات.
پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 24ی شوبات، هەواڵەكەی لە رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرونۆت"ی ئیسرائیلی وەرگرتووە كە بەرپرسێكی گەورەی ئەو وڵاتە رای گەیاندووە، دۆخەكە گەیشتووەتە هێڵی سوور و چاوەڕێ دەكرێ هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، زۆر نزیك بووەتەوە و هێرشێكە و گومانی تێیدا نییە روو دەدات.
رۆژنامە ئیسرائیلییەكە لەسەر زاری سەرچاوەگەلێك كە بەمدواییە قسەیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كردووە، رای دەگەیەنن كە سەرۆكی ئەمەریكا ویستی هەیە فەرمانێك بۆ لێدانی ئێران دەربكات.
هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەكان بۆ كەناڵی "12"ی ئیسرائیلی قسەیان كردووە و دەڵێن، تەلئەبیب ئامادەیی تەواوی لە چەند بەرەیەك كردووە. بەر لە ئەوەیش بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، تەلئەبیب لەم رۆژانە بە دۆخێكی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، بۆیە حكوومەتەكەی خۆی بۆ هەر سیناریۆیەك ئامادە كردووە.
لەلایەكی تریشەوە ترەمپ لە رێگەی "تروس سۆشیال" دووپاتی كردووەتەوە، ئەگەر ئەمەریكا لەگەڵ ئێران نەگاتە رێككەوتن بەتایبەتی لەبارەی دامەزراوە ئەتۆمییەكەی، ئەوكات بۆ ئێران ئەنجامەكەی زۆر خراپ دەبێت.
لەلای خۆیەوە كازم غەریب ئابادی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی دا كە ئەگەر هێرشی سەربازی بكرێتە سەر وڵاتەكەیان، جەنگەكە تەنیا لەسەر ئێران قەتیس نابێت، بەڵكو تەواوی ناوچەكە دەگرێتەوە، بۆیە ئێران دەستوەستان نابێت و بەهەموو شێوەیەك بەرگریی لە خۆی و وڵاتەكەی دەكات.
ئەوە لە كاتێكدایە كە تا ئێستە دوو گەڕی دانوستان لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بەڕێوە چووە، وێڕای ئەوەی هەردوولا بە "باش" ناوی دێنن، بەڵام نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بڕیارە پێنجشەمی داهاتوو گەڕی سێیەمی دانوستان لە جنێڤ دەست پێ بكەنەوە، بۆ ئەوەیش هەندێك بەرپرسی ئێرانی دەڵێن ئەگەر ئەمجارە نەگەنە رێككەوتن، سەربازانی ئەمەریكا لە ناوچەكە بۆ دۆزەخ دەنێرن.


وەڵام بدەوه