هەولێر ....
بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز ئامادەکاری دەکات
ئەمڕۆ یەكشەممە 2026.3.15، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، لە دیوانى پارێزگا، بە مەبەستی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پاراستنی سەقامگیری، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بۆ داڕشتنی پلانی پارێزگا بۆ جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز و نەورۆز سەری ساڵی نوێی كوردی بەڕێوەچوو.
لەکۆبوونەوەکەدا، كە هەریەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی تەندروستی، گەشت و گوزار ، شارەوانییەکان، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بەڕێوەبەرانی پۆلیس، پۆلیسی هاتوچۆ، بەرگری شارستانی، نوێنەری ئاسایشی بازگەکان، بەڕێوەبەرانی چاودێری بازرگانی، کاروباری ناوخۆ، قەیرانەكان، سەربڕخانە، ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە هێزە ئەمنیەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكان و تیشكی خستەسەر دۆخی ناوچەکە بەگشتیی و ئامادەکاری و حاڵەتی ئامادەباشی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و ئەگەر و ڕووداوێک، هەروەها جەختی لە ڕێنماییەكانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە هەماهەنگی نێوان یەکە کارگێڕییەکان و هێزە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئارامیی شار و دەوروبەری كردەوەە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بەوپەڕی توانایانەوە لە خزمەت هاووڵاتییاندابن، بۆ ئەوەی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز بە ئارامی بەڕێوەبچێت.
پاشان، گفتوگۆ لە بارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆز بەشێوەیەکى گشتیى كرا، پارێزگارى هەولێر، بەبۆنەى هاتنى جەژنی ڕەمەزان و نەورۆز تەئکیدی لە چاودێریکردنی چڕ و ووردی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان كردەوە و لێژنەکانیش ڕاسپێردران کە بە وردی چاودێری بازاڕ بکەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە قۆرخکاری بکرێت، بەتایبەت لەم کاتانەدا کە قەیران یان گۆڕانکاریی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکەدا ڕوودەدات.
سەبارەت بە سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتی، پارێزگاری هەولێر، هەموو پاڵپشتیەکی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان دووپاتکردەوە و ئاماژەى بەوەدا کە بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتیی، لە ڕۆژانى جەژن و پشووەکانیش بە تایبەتى سەرجەم قائیمقامیەت و ناحیە و بنکەکانی ئاسایش و پۆلیسی بە هەماهەنگی شارەوانییەکانی ڕاسپارد لە ئامادەباشی دابن و ڕێگە نەدەن کەسانێک پشوو و بارودۆخەكە وەک دەرفەت بقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانى سەرپێچى و زێدەڕۆیى.
لە کۆتایدا، لە لایەن ئامادەبووانەوە لە بارەى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بەو بابەتە، گفتوگۆکرا و تەئكید لەوەكرایەوە، كە پێویستە هەموو لایەنەكان بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و کارئاسانی تەواو بۆ هاووڵاتییان بکرێت لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیان و هەماهەنگی تەواو لە نێوان هەموو لایەنەكان هەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییان.


وەڵام بدەوه