وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کاردانەوەیەکی تونددا بەرامبەر لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێستادا هیچ جۆرە پێشنیازێک بۆ دانوستان یان ئاگربەست قبوڵ ناکات و تەنها بژاردەی "جەنگ" لەبەردەم گەلی ئێراندایە.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند: "ئەو شەڕەی ڕووبەڕوومان بووەتەوە، ململانێیەکی نادادپەروەرانە و نابەرامبەرە کە بەسەر گەلی ئێراند سەپندراوە، هەر بۆیە بۆ پاراستنی سەروەریی خاکەکەمان، جگە لە جەنگ هیچ ڕێگەیەکی دیکەمان نەهێشتووەتەوە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە جەختی لە یەکڕیزیی ناوخۆیی وڵاتەکەی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، لەم قۆناغە هەستیارەدا تاران نایەوێت بچێتە هیچ جۆرە گفتوگۆیەکەوە بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست. ناوبراو هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە "تێکەڵەیەک لە جەنگ و کردەوەی تیرۆریستی" وەسف کرد..
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە گوتارێکی هەڕەشەئامێزدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاندبوو: "پێویستە کاربەدەستانی ئێران ژیرانە ڕەفتار بکەن و بگەنە ڕێککەوتن"، هاوکات هۆشداریی دابوو کە ئەگەر لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتن ئەنجام نەدرێت، ئەوا ڕووبەڕووی هێرشێکی سەربازیی وا توند دەبنەوە کە وڵاتەکەیان بۆ "چاخی بەردین" دەگەڕێنێتەوە.


وەڵام بدەوه