ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەیروت هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، زانیارییان لەبەردەستە کە ئێران و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە "ڕەنگە مەبەستیان بێت" هێرش بکەنە سەر زانکۆکانی ناو خاکی لوبنان.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران و ئەو گروپانەی لەگەڵیدا هاوپەیمانن، ئەگەری هەیە ناوەندە ئەکادیمییەکان و زانکۆکانی لوبنان بکەنە ئامانجی هێرشەکانیان، بەڵام وردەکاری زیاتری لەبارەی جۆری هێرشە ئەگەرییەکان و کاتەکەی نەخستووەتە ڕوو.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە، کە ماوەی مانگێکە جەنگێکی سەربازیی چڕ لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە ناوچەکەدا بەردەوامە. لوبنانیش بەهۆی بوونی حزبوڵا و هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە، بووەتە یەکێک لە مەیدانە سەرەکییەکانی ئەم ململانێیە.
لایەنە ئەمنییەکان لە لوبنان لە دوای ئەم هۆشدارییەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، ڕێکاری توندیان لە دەوروبەری ناوەندە خوێندنەکان گرتووەتەبەر، بۆ ڕێگریکردن لە هەر ڕووداوێکی نەخوازراو کە ببێتە هۆی تێکچوونی زیاتری باری ئەمنیی وڵاتەکە.


وەڵام بدەوه