ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا دووپاتی كردەوە، دەبێت ئێران واز لە پشتیوانیی حزبوڵا و حەماس و حووسییەكان بهێنێت و دەستبەجێ گەرووی هورمزیش بكاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان، ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فڕەنسا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی، "ئێستە ئاگربەست هەیە و پێم وانییە كەسیش لە شەڕەكە سەركەوتوو ببێت".
دواتر باسی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی كرد لەبارەی ئێران و گوتی، "ئێران دەبێت واز لە پلانی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی بهێنێت و هەروەها درۆن و مووشەك بەكار نەهێنێت، دەبێت ئێران واز لە پشیتوانیی میلیشیاكان بێت لە نموونەی حزبوڵا و حەماس و حووسییەكان".
لەبارەی گەرووی هورمزیش گوتی، "دەبێت ئێران دەستبەجێ ئەو گەرووە بكاتەوە، تێپەڕبوونیش بەو گەرووە ئاسان نابێت تا لایەنە شەڕكەرەكان رێكنەكەون".
دوێنێ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا، ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمەریكای بە "ئەرێنی" وەسف كرد و گوتیشی، "دەبێت ئاگربەست لبنانیش بگرێتەوە".


وەڵام بدەوه