ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاند، تاران بڕیاری داوە نەچێتە قۆناغی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ واشنتن، مەگەر پێنج مەرجی سەرەکی بۆ دروستکردنی متمانە جێبەجێ بکرێن.
مەرجەکانی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان:
بەپێی زانیارییەکان، ئێران داوای گەرەنتی لەم پێنج خاڵەدا دەکات:
ڕاگرتنی شەڕ: کۆتاییهێنان بە پێکدادانەکان لە تەواوی بەرەکان، بەتایبەتی لە وڵاتی لوبنان.
سزا ئابورییەکان: هەڵگرتنی گشت ئەو گەمارۆ و سزا ئابورییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر ئێراندا سەپێنراون.
دارایی و سەروەت: ئازادکردنی تەواوی پارە و سامانی بلۆککراوی ئێران لە بانکەکانی دەرەوەی وڵات.
قەرەبوکردنەوە: پێدانی قەرەبووی زیانە ماددی و مرۆییەکان کە لە ئەنجامی شەڕ و ململانێکانەوە بەر ئێران کەوتوون.
مافی سەروەری: دانپێدانان بە مافە سەروەرییەکانی ئێران بەسەر گەرووی هورمز و دەستوەرنەدان لە ڕێکارە یاساییەکانی تاران لەو ناوچەیەدا.
پەیامێک بۆ ئەمریکا لەڕێی پاکستانەوە
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، تاران لە ڕێگەی نێوەندگیری وڵاتی پاکستانەوە پەیامێکی گەیاندووەتە ئەمریکا. لە پەیامەکەدا هاتووە کە بەردەوامبوونی گەمارۆی دەریایی لەلایەن واشنتنەوە تەنانەت دوای ڕێککەوتنی ئاگربەست، بووەتە هۆی ئەوەی تاران متمانەی بە نییەتەکانی ئەمریکا نەمێنێت و پرۆسەی دانوستان پەکبخات.
#kurdistanpress


وەڵام بدەوه