گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕووداوی بە ئامانجگرتنی نووسینگەی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی کوردستانی بە پێشهاتێکی "زۆر گوماناوی" وەسف کرد و دووپاتی لە پێویستیی هۆشیاریی هەموو لایەنەکان کردەوە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی نەیارانی ئێران و عێراق.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی فەرمیی (ئیرنا)، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، شەوی دووشەم 17ی ئاب لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسەکەدا سەبارەت بە هەواڵی بە ئامانجگرتنی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو کارە، بە پێشهاتێکی زۆر گوماناویی دانا کە پێویستە بەوردی و بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دووپاتی لە ئیرادەی وڵاتەکەی کردەوە بۆ پاراستن و بەهێزکردنی پێوەندییە دۆستانەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا. هەروەها داوای لە هەموو لایەنەکان کرد هەوڵەکانیان یەکبخەن بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانی ئەو لایەنانەی دەیانەوێت زیان بە پەیوەندییە برایانەکانی نێوان هەردوو گەل بگەیەنن.
لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا، بەقایی ئاماژەی بە هۆشدارییەکانی پێشووی بەرپرسانی عێراق کرد، لەوانەش ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، سەبارەت بە ئاشکراکردنی شانەی سەر بە لایەنی دەرەکی کە تێوەگلاون لە داڕشتن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە «ئاڵای ساختە»، لەم ڕوانگەیەشەوە هۆشیاریی زیاتری هەموو لایەنەکانی بە پێویست زانی.


وەڵام بدەوه