Kurdistan Press - مەشخەڵ كەوڵۆسی : عەڕابەكانی تەسلیم بوونەوە بەبەغدا مەشخەڵ كەوڵۆسی : عەڕابەكانی تەسلیم بوونەوە بەبەغدا | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

مەشخەڵ كەوڵۆسی : عەڕابەكانی تەسلیم بوونەوە بەبەغدا

سەرەتا بۆ ئەوەی كەس موزایەدە نەكات بەمافی خەڵكەوە، دەڵێم: ئێمەش لەكوردستانین، هەموو كەموكووڕییەكانیش دەبینین، دەزانین گەندەڵی  مۆخ و ئێسكی كۆمەڵگەو پرۆسەی حوكمڕانی كوردستانی هاڕیوە، ئەگەر وانیە، كەواتە بۆچی حكومەت یاسای چاكسازی دەركردووەو دەیەوێت جێبەجێی بكات؟.

بەڵام بۆ هەر كەسێكی ژیر و خەمخۆری ئایندەی ئەم نەتەوەیە، پێویستە نەخۆشینی گەندەڵی لەسیاق و چوارچێوەی خۆی دابنرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و بەگوێرەی یاسا و كۆمەڵێك ڕێوشوێنی پەروەردەیی و كەلتوری هەوڵی بنەبڕكردنی بدرێت. 

چونكە ئەو دیاردەیە، بەرلەهەر شتێك زادەی كەلتوری كۆمەڵگەیە و هیچ بیرمەند و كۆمەڵناس و یاساناسێك ناتوانێ نكولی لەو ڕاستییە بكات كە گەندەڵی دیاردەیەكی كۆمەڵایەتیی ئەم لەحزەیەی كۆمەڵگەیە و، بەشداری تاكەكان تیایدا ڕێژەییە و، ئێمە ناتوانین بڕوانامەی پاكێتی بدەینە هیچ كەسێك ، وەك هەندێ حیزب دەیكەن و لەپرۆسەیەكی سەرسامكەری عەوام فریوداندا، شەهادەی قەبە دەدەنە كۆمەڵە كەسانێك گوایە ئەمانە گۆچانی سیحرین بۆ چارەسەری دیاردەیەك كە ڕەگ وڕیشەی زۆر قووڵتر و گەورەتر و فراوانترە لە توانای حیزب و دەزگاكانی حكومەتیش!.

بگرە هەر تاكێك بۆخۆی كارگەیەكی بچوكی گەندەڵییە. ئیتر بەڕێژەی جیاجیا.  بەڵام دواجار هەر دەبێت لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا، بەگوێرەی یاسا و پەروەردە و گۆڕانكاری كەلتوری، ئەو دیاردە سامناكە بنەبڕ نا، بەڵكو كەم بكرێتەوە، چونكە لەپێشكەوتووترین وڵاتانی دنیاشدا، نەتوانراوە ئەو دیاردەیە بنەبڕ بكرێت بەشێوەی ڕەها.

هەندێك لەو سیاسی و نوسەر و پەرلەمانتێر و حیزبە سیاسییانەی كە لە ماوەكانی ڕابردوودا توخنی ئەم پرسە كەوتوون، بەداخەوە لەبری چارەسەرێك كەلە بەرژەوەندی نەتەوەی كورد و ئەم قۆناغە و خۆبەڕێوەبەردنی كوردو حوكمڕانی نەتەوەكەماندا بێت، بابەتەكەیان كردووە بە هۆكارێك بۆ شكاندنی هەموو سنورەكانی ئەمنی نەتەوەیی كورد و، بەهۆ و بەبێ هۆ داوای خۆ تەسلیمكردنەوە بەبەغدا لەكورد دەكەن. 

لەبەرانبەریشدا، ئازارەكانی خەڵك بەكاردەهێنن بۆ ڕەوایەتیدان بەم داوایەیان و وشیاری لاوازی خەڵك بەكاردەهێنن بۆ كۆكردنەوەی زۆرترین دەنگ لەدەوری ئەم پرۆژە هەرە مەترسیدارە.

ئەوان لەدوای بڕینی موچەی خەڵكی كوردستان لەلایەن ئێراقەوە، ئیتر دەرفەتی زێڕینیان دەستكەوت بۆ ئەوەی بێ پەردەتر، ڕووی خۆیان ئاشكرا بكەن و، ئیستیغلالی دۆخی داڕوخاوی ژیانی خەڵك بكەن بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای خۆیان.

تەسلیمبوونەوەو تەسلیم كردن، یان وەك خۆیان دەڵێن " رادەستكردن" بە بەغدا، ئەو ئاوازەیە كە هەر تاوناتاوێك، لەهەر بۆنەیەكدا، بەرگوێمانی دەدەن و فشارێكی قورس لەسەر دەرونی تاك و كۆمەڵگە دروست دەكەن. لەوەدا چەندین حیزب و پەرلەمانتار و نوسەر و سیاسی و دەزگای میدیایی و پەیچ و سایت بەشدارن و لەیەك ئاواز دەخوێنن.

لەبنەڕەتدا ئەو داوایە بۆ چارەسەری هیچ دەردێكی كۆمەڵگەو حوكمڕانی كوردستان نیە، بەڵكو بۆ وەرگرتنەوەی سیادەیە لەكورد. بۆ شكاندنی ڕواڵەتەكانی شكۆی نەتەوەی كوردە. ئەگینا لەناو كام لەمیللەتانی تردا، لەناو كام ئەزمونی بنەبڕكردنی گەندەڵیدا، بەدرێژایی مێژوو، ئەوە كراوەتە چارەسەر كە میللەتێكی خاك داگیركراوی ئەتككراوی مێژوو، چارەسەری دەردێكی خۆی لەوە دا ببینێتەوە كە خۆی ڕادەستی میللەتی سەردەستە بكات و، بۆ هەتاهەتایە ببێتەوە بەژێردەستە!. 

لەكاتێكدا هەمووان بێدەنگن لەم ئەجێندا مەترسیدارەی عەڕابەكانی تەسلیم بوونەوە بەبەغدا،  پێشنیار دەكەم:

یەك: لەڕووی یاساییەوە پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەستێت و ئەوجۆرە بانگەشانە وەك تاوان بەرانبەر ئاسایشی نەتەوەی كورد بناسێنێت.

دوو: دەزگایەكی تایبەتی بۆ ئەرشیفكردنی ناو و لێدوانەكانی عەڕابەكانی تەسلیمبوونەوە بەبەغدا هەبێت، بۆ مێژووی كورد و بۆ نەوەكانی داهاتوو تۆمار بكەین كە كێ بوون ئەوانەی بەشداربوون لە هاندانی كورد بۆ تەسلیم بوونەوە بەبەغدا. تاكو سبەینێ خۆیان نەكەن بۆ پاڵەوانی مێژوو. 

 

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه