هەموو ساڵێک لە ساتەوەختی چاوەڕوانی بەهاری هەمیشەییدا، پاییزەکان ڕێگەی هاتنی بەهارمان دەگرن.
وێرانيەکانی نیشتیمانم لە چاوڕوانیدا، بە وەستاوی، به تاساوى، ساتەوەختە هه ستياره کان دەژمێرن...زۆر بە تاسەو بە حەسرەتەوە، بە ئاه و ناڵە و ناسۆرە و دەنگی نووساوی هاوار و گریانەوە، بانگی بەهارێک دەکەن، مژدە هێنەری شادی و بەختەوەری و کامەرانی هەمیشەیی بێت....بەڵام...
بەڵام ڕۆژێک چەنگیزەکان...ڕۆژێک تەیمورەکان و ڕۆژێکی تر تورانیەکان ناهێڵن...رێگە نادەن... ڕێگە دەگرن...پلان دائەنێن لە دژمان...لە بوونمان...تەنانەت بەوەش ناوەستن، بەڵکو لە ناو ڕیزەکانی پەرتو په رش و بڵاوو لارو خوارو خێچی خودی خۆمان و ڕیزەکانماندا، نەخۆشی و پەتامان تووش دەکەن...تاقەتمان ئەبەن و هەموو هەوڵ و کۆششێکیان ئەخەنە گەڕ، نائومێدمان کەن....ناچارمان کەن دەستەو ئەژنۆ لە چاوەڕوانی بەهارێک و بەهارەکانی تردا لە ژووری چاوەڕوانی نیشتیماندا هەر بە وەستاویی و بێ پشوودان، دابنیشین و ئۆقرە نەگرین و پاییزو زستانەکان بژمێرین...
لە هاوینەکان ئەمانسووتێنن...لە پاییزەکان بێتاقەتمان ئەکەن....کە زستانیش داهات ئەمانلەرزێنن.
ڕۆژێک لە مهاباد...ڕۆژێک لە هەڵەبجە...ڕۆژێک لە کەرکوک...ڕۆژێک لە جزیرە و دیاربەکر و ڕۆژێک لە عفرین...شۆفینیە دڵڕەقەکان...دڕندەکان....نامرۆڤەکان...ئاژەڵ سیفەتەکان...دیکتاتۆرە ستەمکارە خوێن مژەکان، خوێنی کورد، بەبەر چاوی زلهێزە بێ موڕاڵە دەهۆڵ ژەنەکان، حەڵاڵ دەکەن...کەس نقەی لێوەنایەت...کەس دەنگی راەزایەتی هەڵنابڕێ...هەمووی خەریکی بازرگانیە بە کوردەوە...ڕۆژێک ئەو...ڕۆژێک ئەم...ئەمانفرۆشن و لە بازاری بەرژەوەندیەکانیاندا، وەک کاڵایەکی بازرگانی هەرزان به ها، کرین و فرۆشتنمان پێوە دکەن.
دیسان مانگی ئازاری تژی ئازارە…مانگێکە هەمیشە بە ترسەوە لە پێشوازی هاتنیداین و پەلەمانە زوو تێپەڕێ و لە ئێستای تێپەڕماندا ببێ بە مانگی پەندو وانە بۆ یەکڕیزی و پێکەوەبوونمانەوە.
وەڵام بدەوه