ئافرەت و کۆمەڵگ
ئافرەت بەشێکی دانەبڕاوو سەرەکی و پێکهاتەیەکی گرینگی کۆمەڵگایە.
رۆڵی ئافرەت لەکۆمەڵگا بە گەورە دەژمێردرێت و خوای گەورەش بۆ رێزنان و بایەخ پێدانی ئافرەت، دوو ئایەتی قورئانی پیرۆزی بە ناوی ئافرەت دابەزاندووە.
ناپلیۆن لە وەسفی ئافرەتدا دەڵێ:
“ ئافرەت بە دەستێک لانکەو بە دەستێکی دونیا دەهەژێنێ”
ھەروەھا نوسەری ڕووسی سۆخۆملینسکی پسپۆڕی پەروەردە دەڵێت(ٸافرەت لە پەروەردە کردنی خۆشەویستیدا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت وەھەر نەک دایکی مناڵە بەڵکو پیاویش پەروەردە دەکات)ھەروەھا دەڵێ (ٸەوە ژنی ٸازا و بەھێز و دڵسۆزە کە پیاوی ئازا و بەھێز دروست دەکات)
ئافرەت وەک بکەرێکی کۆمەڵایەتی چالاک و زیندوو رۆڵێکی گەورە لە کۆمەڵگادا دەگێڕێت، هەم لە رووی کۆمەڵایەتی و هەمیش لە رووی پەروەردەوە.
ئافرەت رۆحی زیندوو و بەردەوامبوونی خێزانە. ئەم زیندووێتی رۆحە لە خۆراگری و هەستەوەری و ورەی بەرزو بەهێزی ئافرەت بە درێژایی رەوتی ژیان لە گشت قۆناغەکانی پانتای ژیاندا رەنگ دەداتەوەو کاریگەریە پەروەردەیی و سایکۆلۆجیەکانی بەرچاوو دیارن و بزر نابن.
ماڵەوە و بەتایبەتی باوەشی دایک، وەک یەکەم شوێنی پەروەردەو بەخشینی خۆشەویستی و فێرکردنی ئەرک و بەرپرسیارەتی لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بایەخی زۆری پێدراوە.
رۆڵی دایکایەتی بە گرینگترین رۆڵی ئافرەت لەقەڵەم دەدرێ لە ژیانی کۆمەڵایەتی ئافرەتدا. پەروەردەکردنی منداڵ لە سەرەتای قۆناغی فۆرم گرتنی عەقڵ و هەست و نەستی منداڵ و بڕینی قۆناغی منداڵی و دواتر پەڕینەوە بۆ قۆناغی هەرزەکاری، ئەرکێکی قورسە و تەنیا دایک توانای هەڵگرتنی بەرپرسیارەتیەکی لەمجۆرەی هەیە.
وەک بەشێک لەو ئەرکانەی ئافرەت لە کۆمەڵگاو خێزان بە شێوەیەکی سەرەکی دەیانگرێتە ئەستۆوە، دەتوانین ئاماژە بەم چەند خاڵەی خوارەوە بدەین:
⁃ گرینگیدان بە خێزان وەک یەکەیەکی کۆمەڵایەتی یەکانگیر
⁃ زامنی مانەوەی خێزان
⁃ پەروەردەکردنی منداڵ لەسەر بنەمای سۆزو مێهرەبانی
⁃ دایکایەتی
⁃ ئامادەبوونی لە کاتی تەنگانە و ناخۆشیدا
بەگشتی ئافرەت کۆڵەگەی سەرەکی خێزان و زامنی بەردەوام بوونی خێزانە وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی بچوک. ئەم دامەزراوەیە هەمووکات پێویستیەکی حەتمی بە ئافرەت هەیە بۆ ئەوەی بە یەکگرتوویی بمێنێتەوەو نەکەوێتە بەر مەترسی هەڵوەشانەوەو لەباریەکچوون و پەرتەوازەییەوە.
خێزان و تاک و منداڵی تەندروست، زامنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و خاوەن روئیاو خەونی جوان و ئامانجی گەورەو نیشتیمان و نەتەوەیەکی شکۆمەندن. لەم هاوکێشەیەشدا رۆڵی ئافرەت گەورەو بایەخدارو نکۆڵی لێ نەکراوەو هیچ کۆمەڵگایەک ناتوانێ بە نادیدە گرتنی رۆڵ و پێگەی کۆمەڵایەتی و مەعنەوی ئافرەتەوە قۆناغەکانی پێشکەوتن و پەڕینەوە بۆ قۆناغی باشترو و باڵاتر ببڕێ و ئیدیعای کامڵ بوون بکات.
وەڵام بدەوه