ڤلادیمێر پوتن، سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، لەهەمو سەردەمە مێژوییەکاندا نەیارانیان هەوڵیانداوە یەکڕیزیی وڵاتەكە تێکبدەن، ئێستاش هەوڵی دابەشکردنی خەڵک دەدەن لە ڕێگەی یاریکردن بە کارتی نیشتمانی یان ئایینی، دەشڵێت، "وەڵامی هەر هەڕەشە و ئالەنگارییەك لەهەمو لایەنەكانی كلتوری، پەروەردە، جیهانبینی، ئابوری و تەكنولۆژیاوە دەدەینەوە".
ڤلادیمێر پوتن، ئەمڕۆ شەممە لە میانی کۆنفرانسێکی پارتی ڕوسیای یەکگرتوی دەسەڵاتداری وڵاتەکەیدا، ڕایگەیاند، لەهەمو سەردەمە مێژوییەکاندا نەیارانیان هەوڵیانداوە یەکڕیزیی وڵاتەكە تێکبدەن، ئێستا دیسانەوە پەیڕەوی لەو سیناریۆیە دەکەن کە لە شوێنی دیکە تاقیکراونەتەوە، هەوڵی دابەشکردنی خەڵک دەدەن لە ڕێگەی یاریکردن بە کارتی نیشتمانی یان ئایینی.
ئاماژەی بەوەشكرد، "بەبڕیارییەوە ئەو جۆرە ئیستفزازییانە سەرکوت دەکەین، وەڵامی هەر هەڕەشە و ئالەنگارییەك دەدەینەوە كە ڕوبەڕومان دەبێتەوە، ئێمە لە هەمو بەرەکاندا ئامادەین بۆ بەرگری وڵاندانەوە".
ڤلادیمێر پوتن باسی لەوەشكرد، ئامادەباشیان تەنها لەبەرەكانی پێشوەی جەنگ نیە، لە ڕاستیدا ڕوبەڕوی جیهان دەبنەوە، لەهەمو لایەنەكانی كلتوری، پەروەردە، جیهانبینی، ئابوری و تەكنولۆژیاوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، داوای لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد کە هەنگاو بنێن، لەدوای ئەوەی هێرشێکی نوێی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕوسیا بۆ سەر وڵاتەکەی دەستیپێکرد.
بەوتەی زلێنسکی، سوپای ڕوسیا بە نزیکەی 200 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 94 موشەک هێرشی نوێی بۆ سەر ئۆكرانیان ئەنجامداوە، ئەو سەرکردایەتی ڕوسیای بەوە تۆمەتبار كرد كە "تیرۆر" لە دژی خەڵکی مەدەنی ئەنجام دەدات، دەشڵێت، "ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەوان چاوەڕێی بارودۆخی سارد دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە بۆ خەڵک وڵاتەكەی خراپتر بکەن".
لایخۆیەوە سەرۆكایەتی ئەرکانی گشتی ئۆکرانیا ئەمڕۆ ڕاگەیاند، هێزەکانیان هێرشیان کردوەتە سەر ستاڵنۆی کۆن، لە ناوچەی ئۆریۆل کە نزیکەی 165 کیلۆمەتر لە سنوری ئۆکرانیاوە دورە.
هەروەها دەشڵێت، "ئەو شوێنەی كە هێرشەكەیان بۆ ئەنجامداوە، یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە و بەشێکە لە کۆمەڵگەی پیشەسازی سەربازی، کە پێداویستییەکانی سوپای ڕوسیا دابین دەکات".
وەڵام بدەوه