دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە کە هاونیشتمانیی هەرێمی کوردستان یان هاووڵاتیی عێراقی لەو بەلەمەدا بووبێت کە هەفتەی رابردوو لە نزیک دوورگەیەکی یۆنان نقوومبوو.
رۆژی چوارشەممە 17-08-2022 دەزگای لووتکە لەبارەی نقوومبوونی بەلەمێک بە 80 کۆچبەرەوە لە نزیک دوورگەی کارپاتۆس رایگەیاند، "تائێستا بە هیچ شێوەیەک نە لە کۆچبەرە بێسەروشوێنبووەکان و نە لە کۆچبەرە رزگاربووەکان هیچ هاووڵاتییەکی عێراقی و کورد تۆمار نەکراوە".
رۆژێک دوای رووداوەکە بەرپرسانی ئاسایشی کەناراوەکانی یۆنان رایانگەیاند، دوای رووداوەکە دەستیان بە هەوڵێکی جیددی کردووە بۆ رزگارکردنی ئەو کۆچبەرانە و لە قۆناخی یەکەمدا 29 کەسیان رزگارکردووە کە هەموویان پیاون و هاووڵاتییانی عێراق، ئەفغانستان و ئێرانن.
لەلایەکی دیکەوە دەزگای لووتکە دەڵێت، "دوای بەدواداچوونێکی وردی نوێنەرانی دەزگای لووتکە لە وڵاتی یۆنان و وڵاتی تورکیا و بەردەوام لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتی یۆنان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی یۆنان و تورکیا هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە کە بڵێت کۆچبەرانی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەو بەلەمەدا هەبووە".
بەگوێرەی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵەدا، شەش کۆچبەر لە دەریای ئیجە لە هەوڵی گەیشتنیان بۆ یۆنان خنکاون، سێ هەزار و 419 کۆچبەر و 74 قاچاخچی دەستگیرکراون کە 41یان بیانین.
هەروەها بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کە رۆژی 9-6-2022 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستاندا پێنج ملیۆن و 497 هەزار و 733 کۆچبەر و پەنابەر هەن. لە ماوەی پێنج ساڵدا 644 هەزار و 131 کۆچبەر چوونەتە ئەوروپا. یەک ملیۆن و 427 هەزار و 309 کۆچبەر لەناوخۆی تورکیا دەستگیرکراون و لەم ژمارەیەدا 324 هەزار و 606 کۆچبەر دیپۆرتکراون.
وەڵام بدەوه