دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، هەواڵگری ئەمریکا و بریتانیا ئامادەکاری دەکەن بۆ دەستپێکردنی "هێرشی تیرۆریستی" بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا.
دەزگای هەواڵگری دەرەوەی ڕوسیا ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستمان کەوتوە، ئیدارەی دەستلەکارکێشاوەی ئەمریکا و سەرکردایەتی بریتانیا، دوای ڕوخانی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا، ئامانجیان ڕێگریکردنه لە سەقامگیری دۆخەکە لە سوریا و بە شێوەیەکی فراوانتر، هەوڵدەدەن ئاژاوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "واشنتن و لەندەن پێیان وایە لەم جۆرە بارودۆخانەدا دەتوانن بە خێرایی ئامانجی جیۆپۆلیتیکی خۆیان بەدەستبهێنن، کە بریتییە لە مسۆگەرکردنی هەژمونی درێژخایەنی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا لەسەر بنەمای چەمکی قێزەون".
لە بەیاننامەکەی هەواڵگری ڕوسیادا هاتوه، ئەوەی ڕێگری لەم پلانانە دەکات، بونی سەربازی ڕوسیایە لە کەناراوەکانی سوریا، "کە تا ئێستاش وەک فاکتەری گرنگ بۆ سەقامگیری ناوچەکە دەمێنێتەوە".
لە بەیاننامەکەدا پشتڕاست کراوەتەوە کە "هەواڵگری ئەمریکا و بریتانیا ئامادەکاری دهكهن بۆ دەستپێکردنی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ڕوسیا لە سوریا"، هەروەها ئەرکی ئەنجامدانی ئەو هێرشانە بە چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دراوە کە بەم دواییە لە زیندانەکان ئازاد کراون لەلایەن دەسەڵاتە نوێیەکانی سوریاوە".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، فەرماندە مەیدانییەکانی داعش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەریان پێگەیشتوە بۆ ئەوەی شوێنەکانی ڕوسیا بکەنە ئامانج.
ئهوهشخراوهتهڕو، "بەمەبەستی شاردنەوەی تێوەگلانیان لە هێرشە پلان بۆ داڕێژراوەکانی داعش، فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا و بریتانیا فەرمانیان بە هێزە ئاسمانییەکانیان کرد کە بەردەوام بن لە هێرشکردنە سەر پێگەکانی داعش، پێشوەختە چەکدارەکان ئاگادار دەکەنەوە".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، "لەندەن و واشنتن هیوادارن ئەم جۆرە ئیستفزازییانە پاڵ بە ڕوسیاوە بنێن بۆ چۆڵکردنی هێزەکانی لە سوریا، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا تۆمەتبار دەکرێن بە شکستهێنان لە کۆنتڕۆڵکردنی توندڕەوەکان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، "ئەو هەڵوێستە لە بەردەوامی داگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکاشدا بە بیانوی پێویستی بەرەنگاربونەوەی داعش لە ناوچە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات ڕەنگدانەوەی هەیە، کە واشنتن بەنیازی گەڕانەوە بۆ دیمەشق نییە".
پێشتر ئاژانسی تاس-ی ڕوسی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتی ئینتقالی سوریا بەنیازی پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنانە نییە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنانە ڕوسیا بنکە سەربازییەکانی لە پارێزگاکانی لازقیە و تهرتوس بەکاردەهێنێت.
دوێنێ هەینی ئیدارەی سەربازی لە سوریا ڕەوایەتی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە لەبارەی چونە ژورەوەی هێزەکانی بەشی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ ناو بنکەی حمەیمیم-ی ڕوسیا و دەستگیرکردنی ژمارەیەک ئەفسەری سوری لەوێ بڵاوبونەتەوە.
وەڵام بدەوه