سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا بە توندی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی ئێران شەرمەزار دەکات و ڕای دەگەیەنێت، بە تەواوی لەگەڵ خەڵکی ناڕازین و دەبێت گیراوەكان ئازاد بکرێن و ئینتەرنێت بۆ هاووڵاتییان بگەڕێنرێتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 10ی کانوونی دووەمی 2026، ئۆرسۆلا فۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا، لە پەیامێکدا ڕای گەیاند، لەگەڵ خۆپێشاندەرانی ئێران دەوەستین و بە توندی سەرکوتکردنی توندوتیژیانەی خۆپێشاندانە ڕەواکان سەركۆنە و شەرمەزار دەکەین.
فۆن دێر لاین داوای کردووە ئێران دەستبەجێ هەموو ئەو خۆپێشاندەرانە ئازاد بکات کە گیراون و خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دووپاتی کردووەتەوە، پشتیوانی لە ئازادیی ڕادەربڕین، گردبوونەوە و ژیانێکی ئازاد لە ئێران دەکەین، هەروەها داوا دەکەین ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی گەلی ئێران بگیرێت.
جێی باسە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025ـەوە شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان ئێرانی گرتووەتەوە و لە سەرەتای ساڵی 2026 فراوانتر بووە، هۆکارەکەشی بۆ تەنگژەی ئابووری و دروشمە سیاسییەکان دژی ڕژێم دەگەڕێتەوە، لە بەرانبەردا دەسەڵات بە توندی وەڵامی داونەتەوە و ئینتەرنێتی بڕیوە.


وەڵام بدەوه