لیندسی گراهام، سیناتۆری دیاری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، هۆشداریی توند دەداتە تاران و ڕایدەگەیەنێت کە هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران لە هەفتەکانی داهاتوودا پەرە دەستێنن و هەڵمەتەکە دژی کۆماری ئیسلامی زۆر "چڕتر و بەهێزتر" دەبێت.
گراهام لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)، ئاماژەی بەوە کرد کە بەم زووانە جیهان شایەدی کردەی سەربازیی زۆر بەهێزتر دەبێت لە دژی ئێران. ئەو سیناتۆرە بە زمانێکی توند گوتی: "ئێمە دەسەڵاتدارانی ئێران وردوخاش دەکەین،" هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا سەرکردایەتیی ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و "لەسەرەمەرگدایە" و بەم زووانە "دەکەوێتە سەر چۆک."
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی قۆناغە نوێیەکەی هێرشەکان، گراهام گوتی: "تەنیا چاوەڕێ بن و بزانن لە دوو هەفتەی داهاتوودا چی ڕوو دەدات."
ئەم لێدوانە ئاگرینانەی گراهام لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە گرژییەکی بێوێنەدایە، بەتایبەت دوای هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازی و ستراتیژییەکانی ناوخۆی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کە مەترسیی هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەریی لێ دەکرێت.
هەڵوێست لەسەر پرسی جێگرتنەوەی خامنەیی
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گراهام باسی لە پرسی دیاریکردنی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی ئێران کرد دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی. گراهام لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، بە توندی دژی گەیشتنی موجتەبا خامنەیی بۆ سەر کورسیی دەسەڵات وەستایەوە و ڕایگەیاند کە کوڕی خامنەیی نوێنەرایەتیی ئەو گۆڕانکارییە ناکات کە گەلی ئێران ئاواتی بۆ دەخوازن.
ئەو سیناتۆرە، موجتەبای تۆمەتبار کرد بەوەی لەسەر حیسابی مەینەتییەکانی گەلی ئێران سوودمەند بووە لە دەسەڵات، و پێشبینی کرد کە تەواوی سیستەمی فەرمانڕەوایی ئایینی لە تاران بەرەو هەرەسهێنانی کۆتایی هەنگاو بنێت.
پەیامێک بۆ گەلی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ
گراهام ڕووی دەمی کردە هاووڵاتیانی ئێران و داوای لێکردن خۆڕاگر بن، چونکە بە گوتەی ئەو "ئازادیتان نزیکە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕووخانی ئەم ڕژێمە دەبێتە بناغەی دروستبوونی "ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ"، کە تێیدا داهاتی نەوتی ئێران لەبری شەڕانگێزی، بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکە و خزمەتی خەڵکەکەی بەکاربهێنرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەمیشە ئەم جۆرە لێدوانانەی بەرپرسانی ئەمریکایان بە "دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆ" وەسف کردووە و جەختیان کردووەتەوە کە بڕیارە سیاسییەکان و پرسی جێگرتنەوە، پرسێکی تەواو ناوخۆیی و سەروەریی وڵاتەکەیانە.


وەڵام بدەوه