ئاگربەستی بازرگانیی ئەمریکا و چین درێژکراوەتەوە؛ سزاکانی واشنتن گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران دەپەکێنن
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە ئاگربەستی بازرگانی لەنێوان واشنتن و پەکیندا تاوەکو سەرەتای ساڵی 2027 (10ی کانونی دوەمی 2027) درێژکراوەتەوە. ئەم بڕیارە لەکاتێکدایە کە کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان سەرۆکانی هەردو وڵات بەڕێوەچووە.
وردودرشتی ڕێککەوتنی ئابوریی ئەمریکا و چین:
درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست: ئاگربەستەکە، کە بە ڕێککەوتنی "بوسان" ناسراوە، ماوەکەی تاوەکو 10ی کانونی دوەمی 2027 درێژکراوەتەوە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر بدرێتە هەردو وڵات بۆ باشترکردنی پەیوەندییە ئابورییەکان.
کەمکردنەوەی باجی گومرگی: ڕەنگە هەردو وڵات باج لەسەر کۆمەڵێک کاڵای ناهەستیار بە بەهای 30 ملیار دۆلار کەم بکەنەوە.
پاراستنی ژیریی دەستکرد: هەردولا لەسەر دروستکردنی سیستمێکی ئاگادارکردنەوە بۆ هەڕەشەکانی ژیریی دەستکرد ڕێککەوتون تاوەکو ڕێگری لە هەر ڕوداوێکی چاوەڕواننەکراو بگرن.
پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بەهۆی سزاکانەوە:
لەلایەکی دیکەوە، سکۆت بێسێنت ئاشکرای کرد کە بەهۆی سزاکانی واشنتنەوە، 80% بۆ 90%ی گەشتە ئاسمانییە دەرەکییەکانی ئێران هەڵوەشێنراونەتەوە و سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی پەککەوتن بوونەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە بەهۆی ئەم ڕێکارە توندانەوە، تەنانەت گەڕانەوەی شاندی ئێرانی لە نیویۆرکەوە بۆ وڵاتەکەیان کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی ئەمریکا، هەر فڕۆکەخانەیەک سوتەمەنی، خزمەتگوزاریی نیشتنەوە یان تیکت بە فڕۆکە ئێرانییەکان بفرۆشێت، لە سیستمی دارایی دۆلاری ئەمریکی دەردەکرێت، ئەمەش وایکردووە کۆمپانیا ئاسمانییەکانی ئێران لە زۆربەی فڕۆکەخانەکانی جیهان گەمارۆ بدرێن.


وەڵام بدەوه