سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێم پابەندی ھەموو رێککەوتنەکانە بەپێی دەستوور، بەڵام عێراق دەستوور جێبەجێ ناکات، دەشڵێت، ئەوە گرفتەی لەئێستادا بەغدا دروستی کردووە، سیاسییە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابوورییەوە لاواز بکەن.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا، بە میدیای فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، بەداخەوە عێراق ھیچ بڕوای بە رێککەوتن و ھاوبەشی و فیدراڵیەت نییە و ئەوەی ئێستا دەیکەنە کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان سیاسییە و دەیانەوێت ھەموو دەسەڵاتەکان مەرکەزی بن و هەموو شتێک لە دەست ئەواندا بێت و بە ئارەزووی خۆیان مامەڵە بکەن، بەڵام ھەرێمی کوردستان بەھێزە و رێگای زۆری لەپێشە بیگرێتە بەر لە ڕووی یاساییەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمیشەوە، عێراقیش دەیەوێت ئابووریی ھەرێمی کوردستان لاواز بکات بەپێی پلانێکی داڕێژراو.
وتیشی، ھەرێمی کوردستان خاوەن ھێز و ئیرادەیەکی زۆر باشە، ئەوەی ئەوان دەیانەوێت و پلانیان بۆ داناوە، ھەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەھێزترە، ھەر بۆیە مووچە وەکو بیانووە و زیاتر مەبەستی سیاسییان ھەیە.
فارس عیسا جەختیشیکردەوە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پابەندی ھەموو رێککەوتنەکان بووە بەپێی دەستووری عێراق، بەڵام ئەوە عێراقە دەستوور جێبەجێ ناکات و بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بەکاری دێنن، ھەر بۆیە حکوومەتی عێراق بەرپرسە لەو کێشانەی دروست دەبن، چونکە پابەندی دەستووری عێراق نابێت، ئەگەر نا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەدایە ھەموو کێشەکان بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن و پابەندی دەستوورە.
وەڵام بدەوه