هەموو ماڵێك بڕێكی پێویست دەرمانی تیادایە، لەوانە ئازارشكێن و دژەهەوكردن و چارەسەری نەخۆشییە درێژخایەنەكان و هیتریش، جیا لە پێویستیی زانینی ماوەی بەسەرچوونی ئەو دەرمانانە، پێویستە ئەوان لە دۆخێكی دوور لە گەرمی و شێ و رووناكیی خۆر هەڵبگیرێن، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە كوالیتیان بكرێت و تێك نەچن، چونكە ئەوكات لە بری سوود زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنن.
رەنگە خەڵكێك دەرمان لە چێشتخانە لەناو كەوەنتەر هەڵبگرن و تا كاتی پێویستیی فەرامۆشیان بكەن، بەڵام مەرجی سەرەكیی هەڵگرتنی دەرمان، پێویستە شوێنی سارد بێت، واتە لە پلەی زیاتر لە 25 پلەی سەتی نەبێت، بۆ ئەوەش نابێت دەرمان لە چێشتخانە هەڵبگیرێت، چونكە فرن و تەباخی تیادایە و ئاگری تیادا هەڵدەكرێت، ئەوانەش پلەی گەرمی زیاتر دەكەن و دەرمانەكە تێك دەدەن، هەروەها شێداری ئەویش كار لە پێكهاتەی دەرمان دەكات، بۆیە باش نییە لە حەمام و شوێنی شێدار هەڵبگیرێت.
بە كورتی دەبێت شوێنی دەرمان وشك و دوور لە شێداری و گەرما رووناكی خۆر بێت، بۆ ئەوەش دوو شوێنی گونجاو هەیە، یەكەمیان لەناو بۆكسێك كە پلەی گەرمییەكەی كۆنترۆڵ بكرێت و لە 25 پلەی سەتی زیاتر نەبێت و دوور لە شێداری و رووناكی خۆر بێت، یان دەكرێ لە بەشی خوارەوەی رەفەكانی سەلاجە دابنرێت، بەتایبەتی ئەوانەی ئەگەری تێكچوونیان هەیە.
بە گشتی دەرمان كە مادەیەكی كیمیاییە و لە چەند گیراوەیەك پێك هاتووە، دەكرێ بە گەرمی زۆر كارلێك بكەن و ببنە ژەهراوی، یان كاریگەری و سوود و تایبەتمەندییان نەمێنێت، كەسانێك دەرمانەكانیان لە ناو ئۆتۆمبێل یان لەبەر خۆر لەبیر دەكەن، چۆن دەزانی تێك چووە؟، لە نیشانەكانی تێكچوونی دەرمان بەیەكەوە دەنوسێت یان رەقتر یان نەرمتر و شلتر دەبێت و بۆنی دەگۆڕێت.
بە گشتی ئەگەر دەرمانەكان بەو شێوانە بوون ئەوە تێك چوونە و نابی بخورێن، حەب ئەگەر رەنگ و شێوەی گۆڕا، كرێم و ماڵهەم ئەگەر شێوە و بۆنیان گۆڕا، شرووب و دەرمانە شلەكان ئەگەر چینێك لەژێرەوەیان نیشت، ئەوەشی بە شێوەی پاودەر و تۆزە، بەیەكەوە دەنووسێت و كەڕوو دەگرێت.
وەڵام بدەوه