نەخۆشی یان كێشەكانی دڵ هۆكاری یەكەمی لەدەستدانی ژیانن، بۆیە پێویستە مرۆڤ خۆی لێیان بپارێزێت و ئەگەر تووشیشیان هاتەوە هەر پێویستە خۆی لێیان بپارێزێت، توێژینەوەیەك باسی ئەوە دەكات كە دەكرێ نەخۆشانی دڵ 30 خولەكی رۆژانەیان بە رۆیشتن لە بری دانیشتن بگۆڕنەوە زیاتر دەژین.
توێژینەوەیەك لە زانكۆی كۆڵۆمبیا گەیشتە ئەو ئەنجامەی نەخۆشانی دڵ دەتوانن بە گۆڕینی 30 خولەكی رۆژانەیان لە دانیشتنەوە بۆ رۆیشتن یان جووڵانەوەیەكی سووكی وەك ئەنجامدانی كاری ماڵەوە، مەترسیی مردن بەو نەخۆشییە لە خۆیان دوور بخەنەوە، تەنانەت دەتوانن زیاتر بخەون ئەویش سوودی بۆیان هەیە.
توێژینەوەكە 609 نەخۆشی گرتەوە كە نیشانەی كێشەی دڵیان هەبوو، لەوانە ئازاری سینگ، ئەوان دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە لە رێگەی كاتژمێری زیرەكەوە بۆ ماوەی مانگێك چاودێریی جووڵانەوەیان كرا، دوای ساڵێك لەوە توێژەران بۆیان دەركەوت كە ئەو نەخۆشانەی كەمتر چالاك بوونە ئەگەری مردنیان 2.5 جار زیاتر بووە.
توێژینەوەكە دەری خست كە تەنیا گۆڕینەوەی 30 خولەكی رۆژانەی دانیشتن بە رۆیشتنێكی سووك یان كارێكی سووكی وەك خاوێنكردنەوەی ماڵەوە، مەترسیی مردن و تووشبوون بە دڵەنۆرە 50% كەم دەكاتەوە، هەرچی چالاكیی توندترە وەك راكردن مەترسییەكە بە رێژەی 61% كەم دەكاتەوە، جیا لەوە دەركەوت كە گۆڕینی دانیشتن بە نوستن مەترسییەكە 16% كەم دەكاتەوە، ئەوەش دەری دەخات كە حەسانەوە لە دوای تووشبوون بە كێشەی دڵ گرنگە
د. كیس دیاز سەرۆكی تیمی توێژینەوەكە دەڵێت، بۆ باشتركردنی تەندروستیت پێویست بەوە ناكات رابكەیت یان راهێنانی چڕ و قورس بكەیت، دەكرێ جووڵانەوەی سووكی لەش یان نوستنی زیاتر گۆڕانكاریی گەورە لە ژیانت دروست بكەن، پرۆفیسۆر بیسانی باروون ئاماژە دەكات، تەنانەت كاری ماڵەوەش یان یاریكردن لەگەڵ سەگ، گۆڕانكاریی دیار لە تەندروستی دڵ دروست دەكەن.
وەڵام بدەوه