کێشەیەکی گەورە کەوتە نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی، خیانەت لە یەکتر کرد هەڵبژاردنی پۆستی سێ پارێزگار لە حکوومەتی خۆجێیی پارێزگاكان، کێشەی قووڵ دەخەنە نێوماڵی پێكهاتەی عەرەبی شیعە، بە تایبەتیش لە هاوپەیمانیی (چوارچێوەی هەماهەنگی).
سەرەڕای ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاری ئەوەیان دابوو کە پۆستی هیچ پارێزگارێک لەم خولەی حکوومەتی خۆجێیی نوێ نەکرێتەوە، واتا ئەوانەی کە پۆستی پارێزگاریان هەبووە، جارێکی تر ئەم پۆستە وەرنەگرنەوە، بەڵام ناکۆکییە قووڵەکانی نێو چوارچێوەكە، بووە هۆی مانەوەی هەریەك لە (ئەسعەد عیدانی لە پۆستی پارێزگاری بەسڕە، جاسم خەتابی لە پۆستی پارێزگاری کەربەلا و محەمەد مەیاحی لە پۆستی پارێزگاری واسیت) كە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەكانیان، لە پۆستی پارێزگاردا مانەوە.
پێشبینی دەکرا پێکهێنانی حکوومەتە خۆجێییەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی چوارچێوەی هەماهەنگیدا بێت و زۆرینەی پۆستەکانی پارێزگاکان بۆ ئەوان یەکلایی بێتەوە، بەڵام هێزەکانی چوارچێوەکە گورزێکی کوشندەیان بەرکەوت بە لەدەستدانی چەندین پۆستی پارێزگاری گرنگ، بەتایبەتی، پۆستی پارێزگارەکانی بەسڕە، کەربەلا و واسیت.
ناکۆکییەکان دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان زیاتر بەدی کران، چونکە ئەنجامەکان بۆ بەشێک لە لایەنەکان چاوەڕوان نەکراو بوو. بە تایبەتیش كە کورسییەکانی (دەوڵەتی یاسا)ی نووری مالیكی و (هاوپەیمانی نەبنی)ی هادی عامری لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی بەسرە، کەربەلا و واسیت بەم شێوەیە بوون:
- هاپەیمانیی نەبنی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەسرە 5 کورسی هەیە.
- هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە ئەنجوومەنەكە 3 کورسی هەیە.
- لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی کەربەلا و واسیت، هاپەیمانیی نەبنی و دەوڵەتی یاسا هەریەکەیان خاوەنی 2 کورسین.
بڕیاربوو چواچێوەی هەماهەنگی بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان خۆیاندا واژوویان کردبوو، پۆستی پارێزگارەکان لە نێو خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە، بەڵام هیچ لایەنێکیان نەچووە ژێر باری داواکاریی لایەنەكەی تر، بۆیە ئەندامانی فراكسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە، بۆ پۆستی پارێزگار، دەنگیان بە ئەسعەد عیدانی دا.
لە بەرامبەردا وەک وەڵامدانەوەیەک، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەربەلا لە هاوپەیمانیی نەبنی، بۆ پۆستی پارێزگار، دەنگیان بە جاسم خەتابی دا. لە پارێزگای واسیتیش کوتلەی عەسائیب ئەهلی حەق لەگەڵ هاوپەیمانیی نەبنی لە ئەنجومەنی پارێزگاکەدا دەنگیان بە محەمەد مەیاحی دا بۆ پۆستی پارێزگاری واسیت.
لەمبارەیەوە عەبدولرەحمان جەزائیری كە یەکێکە لە سەركردەكانی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ (شەفەق نیوز) ڕای گەیاندووە: " ئەوەی لە کەربەلا ڕووی دا، خیانەت بوو، بە تایبەت هەوڵەکانی جاسم خەتابی بۆ نوێکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەربەلا، ئەمە پێشێلی ڕێککەوتنی نێو چوارچێوەی هەماهەنگییە.“
ئەم ناكۆكییە وەنەبێت هەر لە ئاستی باڵای نێوان هەردوو لیستەكەی مالیكی و عامریدا بێت، بگرە پاش هەڵبژاردنی هەرسێ پارێزگارەكە، تەنانەت لایەنگرانیشیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یەكتر بە خیانەت تۆمەتبار دەكەن. بۆیە چاودێران بە دووری نازانن كە ئەمە سەرەتای گەڕێكی دیكەی لێكترازان بێت لەنێوخۆی پێكهاتەی عەرەبی شیعە لە عێراقدا.
وەڵام بدەوه