سەرۆكی لیژنەی دارایی عێراق رای دەگەیەنێت، هەمواری بودجەی ساڵی 2024 كە بۆمان نێراوە، تا نۆی حوزەیران پەسند دەكرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 21ـی ئایار، عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، خشتەكانی بودجەی ساڵی 2024 گەیشتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران، پێمان وایە تا نۆی حوزەیران زیاتر كات نابات و پەسند دەكرێت.
زیاتر گوتی، بودجەی ساڵی 2024 نزیكەی 210 تریلیۆنە، دابەش كراوە كە 155 ترلیۆن مووچە و خەرجییە، 55 ترلیۆن بودجەی وەبەرهێنانە، كورتهێنانیش 66 ترلیۆن دینارە.
ئاماژەی بەوەش كرد، رێڕەوی دیاریكراومان هەیە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجە و تاوتوێكردنی ئەو خشتانە، بریتییە لە پێداچوونەوە بە ناوەڕۆكی ئەو خشتانە، ئەوەیش بە ئامادەبوونی وەزیرە پێوەندیدارەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بودجە، وەزیری دارایی دەبێت ئامادە بێت و پاشان وەزیری پلاندانان
ئاشكراشی كرد، هەڵدەستن بەشیكردنەوەی پشكی وەبەرهێنان، چونكە 55 ترلیۆن دینار دیاری كراوە كە ژمارەیەكی زۆرە، دەبێت زیادبوونەكە شی بكرێتەوە تەنانەت ئەگەر كەمیش بێت.
بەپێی خشتەی بودجەی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67% دیاری كراوە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی خەرجی گشتییە.
رۆژی یەكشەمی رابردوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، خشتەی بودجەی 2024 ی پەسند كرد، ئەو خشتەیە بۆ چارەسەری كێشەی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنانە لە عێراق.
وەڵام بدەوه