بەرپرسێکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی وردبینییان لە لیستی مووچەی مانگی چواری پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان تەواو کرد و ئێستا لای وەزارەتی دارایی عێراقە. دەشڵێت: "دوێنێ هەموو شت تەواو بووە و تەنیا ماوەتەوە دارایی تەمویل بنێرێت."
د. محەمەد زراری، بەڕێوەبەری گشتی له دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان،، ڕاگەیاند: "لەسەر داوای دیوانی چاودێریی فیدڕاڵ و بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، دووبارە وردبینیمان بۆ لیستی مووچەی مانگی چواری پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کردەوە و ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو لیستەکەمان بۆ دیوانی چاودێری بۆ بەغدا نارد."
ئاماژەی بەوەش دا: "لەگەڵ دیوانی چاودێریی فیدڕاڵ پەیوەندیمان کردووە و پێییان گوتین، دوێنی وردبینییان تەواو کردووە و هیچ کێشەیەک نەبووە و پەسندیان کردووە و بۆ وەزارەتی دارایی عێراقیان ناردووە."
محەمەد زراری، جەختی کردەوە، کە هەموو شت تەواو بووە، گوتیشی: "ئێستا ڕاپۆرتی وردبینیی لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان لای دارایی عێراقە و تەنیا ماوەتەوە تەمویلی مووچەیان بنێردرێت."
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی چواری هێزه ئەمنییەکان، ئەو گوتی: "کێشەکە وەزارەتی دارایی عێراق بوو، دوای ئەوەی ماوەی 20 ڕۆژ لیستەکانیان لابوو، پاشان داوایان لە دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی کرد وردبینی بکات، ئەوانیش داوایان کرد ئێمەش دووبارە وردبینی بکەینەوە."
ئەو بەرپرسەی دیوانی چاودێریی دارایی ئاشکراشی کرد، وردبینییان لە لیستی مووچەی مانگی پێنجی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کردووە و ئەویش بۆ بەغدا دەنێردرێ و هیچ کێشەیەکی نییە
وەڵام بدەوه