راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، رێككەوتن لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقدا كراوە كە پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بانكی "TBI"ەوە، لە چوارچێوەی پڕۆژەی "هەژماری من"ەوە ئەنجام بدرێت و دەسەڵاتی هەڵبژاردنی ئەو لایەنەی كە پرۆسەی بە بانكیكردنیش دەكات دراوە بە دەست حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە.
ئەمڕۆ سێشەم چواری حوزەیرانی 2024، سەبهان مەلا جیاد راوێژكای محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق راگەیاند، هەولێر و بەغداد رێککەوتوون کە "تی بی ئای" لە چوارچێوەی پرۆژەی هەژماری من پرۆسەی بەبانکیکردن ئەنجامبدات، هەرێمی کوردستان سەرپشککراوە لەوەی لە چ بانکێک پرۆسەی بەبانکیکردن ئەنجام دەدات، مووچەی هێزە ئەمنییەکان تاکە کێشەی چارەسەرنەکراوە بۆ دەستپێکردنی بەبانکیکردن.
لەبارەی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانیشەوە گوتی، "ئومێد دەکەین پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت".
ئەم لێدوانەی راوێژكاری سوودانی لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە رێگەی "هەژماری من"ەوە، بانكی TBI یەكەمین وەجبەی كارتی بانكیی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانى رادەستی هەژماری من كرد كە ژمارەیان 368 كارت بوو.
وەڵام بدەوه