باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ئاگادارینامەیەکدا، داوا لە هاووڵاتیانی دەکات گەشت بۆ عێراق نەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات: لەنزیکەوە چاودێریی ئەو راپۆرتانە دەکەن کە باس لە هێرشکردنە سەر ئەو شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییانە دەکەن، کە پێیانوایە ئەمریکین.
رۆژی سێشەممە، 11ی حوزەیرانی 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لەرێگەی ئاگادارینامەیەکی ئەلیکترۆنی کە کۆپیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، داوا لە هاووڵاتیانی کرد ئاگاداری خۆیان بن لە ئەگەری هێرشکردن و هەڕەشەکردن بۆ سەر ناوەندە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان لە عێراق.
لەو ئاگادارینامەیەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندووە: "باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لە ئەگەری هێرش و هەڕەشەکردن دەکەن بۆ سەر شوێنە بازرگانی و دامەزراوە پەروەردەییەکان کە پێیانوایە ئەمریکی بن."
لە درێژەی ئاگادارینامەکەی باڵیۆزخانەدا هاتووە: "دەبێت هاووڵاتییانی ئەمریکی ئاگاداری ئەم ئەگەرە بن و چاودێری میدیای نێوخۆ بکەن بۆ هەر پێشهاتێک و بە ئاگاوە مامەڵە بکەن لە نزیک ئەو شوێنانەی وا دەبینرێت کە ئەمریکی بن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە رێگەی ئاگادارینامەکەی باڵیۆزخانەدا، داوای لە هاووڵاتییانی کردووە گەشت بۆ عێراق نەکەن و هۆکارەکانی ئەو داواکارییەشی بۆ "هەڕەشەی گرووپە تیرۆرستییەکان، رفاندن، شەڕی چەکداری، گرژیی و ئاڵۆزییەکان" گەڕاندووەتەوە.
هەفتەی رابردوو، لە بەغدا هێرشکرایە سەر چەند چێشتخانە و کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەوانە؛ زنجیرە خواردنگەی کەی ئێف سی، چیللی هاوس و کۆمپانیای کاتەرپێلەر. هێرشەکان لەلایەن ژمارەیەک چەکدار دەکرێن کە بەشێکیان دەمامکدارن و سەر بە گرووپە چەکدارەکانی عێراقن. ئەوان وا لە خەڵک دەگەیێنن ئەو شوێن و براندانە ئەمریکیین پشتگیری لە ئیسرائیل دەکەن لە جەنگی غەززەدا.
رۆژی چوارشەممە، 05-06-2024، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ، گرووپێکی نوێیان دەستگیرکرد، کە تۆمەتبارن بە رووداوەکانی هێرش و کاری تێکدەرانەی رۆژانی رابردووی سەر ژمارەیەک چێشتخانەی 'کەی ئێف سی' و بریکارەکانی بیانی لە ناوچە جیاوازەکانی شاری بەغدا".
وەڵام بدەوه