عێراق ئەو وڵاتەیە کە ئاڵودەی دروستکردنی دیکتاتۆر و دیکتاتۆریەت بووە!
ئینتیمای تاکی عێراقی بۆ خێڵ و ھۆز و مەزھەب و شەخس و ناوچە و گوند و حیزب وەکو ئەو خۆشەویستیەیە کە دایکێک بۆ یەکەم مناڵی خۆی ھەیەتی کە بۆ یەکەم جار دەبێتە دایک و بۆ یەکەم جار مناڵەکەی لەباوەش دەگرێت، کە خۆشەویستی ئەو دایکە بۆ مناڵەکەی گەر ھێزبێت ھێندە زۆر دەبێت کەھیچ ھێزێکی تر بەرگەی ئەو ھێزە ناگرێت و چۆکی بۆ دادەنێن. بەڵام ئینتیمای تاکی عێراقی بۆ نیشتیمانی خۆی وەکو ئەو خۆشەویستیەیە کە ھەوێ بۆ ھەوێی خۆی ھەیەتی کەجگە لە ڕق و کینە شتێک نیە بە ناوی خۆشەویستی لەنێوانیان، کە ئەو ڕقەی لەنێوانیان ھێند زۆرە گەر لافاو بە ڕق دروست بکرێت ھەموو شتێک لەگەڵ خۆی دەبات و لەناوی دەبات.
قەیران لەم وڵاتەی کە بەزۆر پێکەوەنراوە و ناوی لێنراوە عێراق لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە تاکی عێراقی ئینتیمای بۆ نیشتیمان نیە بەڵکو ئینتیمای بۆ شەخس ھەیە، کە ئینتیمای بۆ شەخس ھەبوو نەک بۆ نیشتیمان ئەوکات داواکاری خەڵک دامەزراوە و سیستەم نابێت کە تەحەکوم بە وڵات بکات بەڵکو داواکاریان پیرۆزکردنی شەخسە کە ئینتیمایان بۆی ھەیە، دەیانەوێت ئەو شەخسە بەھەوەسی سەری خۆی تەحەکوم بەوڵات بکات بەبێ ھەبوونی سیستەم و دامەزراوە. ئەوەی عێراق تێدا دەگوزەرێت و عێراقیەکان داوا دەکەن کۆتایی ھێنان بە دیکتاتۆریەت نیە بەڵکو سەرەتایی ھێنانەوەی دیکتاتۆرێکی ترە بۆ سەر تەختی دەسەڵات.
قۆناغی سەرەتای ھەر دیکتاتۆرێک بە خەڵکەوە دەیگرێت، کەوا خۆی دەردەخات خەباتی ئەو لەپێناو ئازار و مەینەتی خەڵکە، کە خەڵک دەکاتە خاڵی جەوھەری، بۆ ئەوەی لەسەر پشتی خەڵک بگاتە سەر کورسی دیکتاتۆریەت، کە گەیشتە سەر کورسی ئەوەی چاوی دەبینێت دەسەڵاتی فراوانی خۆیەتی کە دەستی دەگاتە ھەموو شتێک، ئەوەی چاویش نابینێت ئازار و مەینەتی خەڵکە، کە دیکتاتۆر وا بیردەکاتەوە منەت نیە لەسەر خەڵك بەڵکو لەسەریان فەرزە کە فەرمانەکانی ئەو جێبەجێ بکەن و لە ژێر فەرمانەکانی دەرنەچن. ئەوەی دیکتاتۆر لەناو دەبات خەڵکە، ئەوەی دیکتاتۆریش دروستدەکات ھەر خەڵکە، ئەوەی گەندڵکار بەسزا دەگەیێنن خەڵکە، ئەوەی گەندەڵکاریش دروست دەکات ھەر خەڵکە.
خەڵکی ھۆشیار سەرکردە دروست دەکات، بۆ ئەوەی ئەو سەرکردە وڵاتێکیان بۆ دروست بکات کە تێیدا شکۆیان پارێزراو بێت کە شکۆ جەوھەری ھەموو شتێکی ژیانکردنە کەتێدا خەڵک دەبێتە چەق و گرنگترین شتی ئەو وڵاتە، بەڵام خەڵکی ناھۆشیاری وەکو عێراق دیکتاتۆر و کەسی خۆسەپێنەر دروست دەکات کە وڵاتیان ھەر جارەو بەوڵات و خەڵکێکی بێگانە دەفرۆشن،کەتێیدا شکۆی خەڵک بە ئاسانی دەشکێنرێت، کە خەڵک بێنرخترین شتی وڵاتە و ھەمیشە دەکرێنە خەڵوز بۆ مەرەمی خۆیان بەکاری دێنن.
#HogirNerwayi
وەڵام بدەوه