جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی 2ی 2025 پشتڕاستی کردووەتەوە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەڵێنی پێداوە ئەمساڵ جیاواز دەبێت لە ساڵی پێشوو، سەبارەت بە چارەسەرکردنی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
دکتۆر شاخەوان عەبدوڵڵا، لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی كردووەتەوە: "ڕێکكەوتنێک لەنێوان هەموو لایەنەکان لەسەر پێویستیی هەموارکردنەوەی یاسای بودجە کراوە، و چیتر هیچ ئاستەنگێک بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەماوە".
ڕوونیشی کردووەتەوە: "بەمنزیکانە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێدەكاتەوە." دەشڵێت:"ئامانج ئەوەیە یەکجارەکی و بۆ هەمیشە چارەسەری پرسی مووچەی فەرمانبەران بکرێت و نەبێتە پرسێکی ڕۆژانە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، "سوودانی بەڵێنی پێدام ئەمساڵ وەک ساڵی ڕابردوو نابێ و پاڵپشتیی شاندی هەردوولا دەکات بۆ ئەوەی پێشکەوتن لەسەر ئەم پرسە بەدەست بهێنن".
وەڵام بدەوه