Kurdistan Press - وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق زمانی کوردی قەدەغە دەکات وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق زمانی کوردی قەدەغە دەکات | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق زمانی کوردی قەدەغە دەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق وانەگوتنەوە، دانان و وەڵامدانەوەی پرسیاری تاقیکردنەوەکان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە زمانی کوردی قەدەخە دەکات و هەڕەشەی لێپرسینەوەی یاسایی دەکات. نوێنەرانی کوردیش دەڵێن، "بڕیارەکە دژی دەستوورە و لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین."

 

ناوەڕاستی ئەم مانگە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی زانکۆ و پەیمانگەکانی کەرکووک، نەینەوا و دیالە کردووە؛ تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە، نابێت وانەگوتنەوە و پرسیارەکانی تاقیکردنەوە و وەڵامەکانیان بە زمانی کوردی بن، بەڵکو تەنیا بە زمانی عەرەبی یان ئینگلیزی و بەپێی پسپۆڕییەکان دەبێت.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق هەڕەشەی لە زانکۆ و کۆلێژەکان کردووە، ئەگەر پابەند نەبن، رووبەڕووی لێکەوتەی یاسایی دەبنەوە.

 

نەهلە ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 26-07-2025 هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، بڕیارەکە دژی دەستوورە، چونکە لە ماددەی 4ی دەستووری عێراقدا بە روونی هاتووە کە زمانەکانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا؛ هەروەها بەپێی هەمان ماددە، مافی خوێندن نەک هەر بە زمانەکانی عەرەبی و کوردی، بەڵکو بە تورکمانی و سریانی و ئەرمەنییش دراوە.

 

ئەو ئەندامە کوردەی لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی، "بڕیارەکە رەتدەکەینەوە، دەبێت هەڵبوەشێتەوە، ئەگەرنا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار دەکەین."

 

بە هەمان شێوە عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 26-07-2025  گوتی، "بڕیارەکە رەتدەکەینەوە، نایاسایی و نادەستوورییە، بەپێی دەستوور عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین لە عێراقدا."

 

بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، زیانمەندی سەرەکیی ئەو بڕیارە پارێزگای کەرکووکە، پێشتر ئەو کێشەیەیان چارەسەر کردبوو؛ خوێندکارانی کورد لە زانکۆ و پەیمانگەکانی کەرکووک دەیانتوانی بە زمانی کوردی وەڵام بدەنەوە و پرسیارەکانیشیان بۆ وەربگێڕدرایەتە سەر زمانی کوردی.

 

عەبدوڵڵا میروەیس ئاماژەی بەوەش کرد، لە رۆژی یەکشەممەوە لەگەڵ ئەندامانی کورد و لایەنە نزیکەکانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە و نوێنەرانی کورد دەکەونە جووڵە بۆ وەرگرتنی هەڵوێست، ئەگەر چارەسەر نەکرێت ئەوا لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار دەکەن.

 

هەر لەو بارەیەوە، شێروان دووبەردانی، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ بە گوتی، "بڕیارەکە رەتدەکەینەوە، دژی دەستووری عێراقە کە تێیدا زمانی عەرەبی و کوردی دوو زمانی فەرمین. قوتابییانی کورد مافی خۆیانە بە زمانی دایکی خۆیان وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە". هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار دەکەم."

 

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق لای بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەقە، کە قەیس خزعەلی سەرۆکایەتی دەکات و وەزیرەکەی نەعیم عەبوودییە، کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی عەسائیب.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه