شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوەی چڕ لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا سەبارەت بە پرسی مووچە، بەبێ گەیشتن بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە گەڕایەوە هەرێمی کوردستان. چارەنووسی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئێستا بەندە بە بڕیارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی.
نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، بەستراوەتەوە بە دوو مەرجی سەرەکییەوە، دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، ڕادەستکردنی نیوەی داهاتەکانی کوردستان. کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیان و گوزەرانی مووچەخۆران داناوە.
بەپێی زانیارییەکان، خاڵی سەرەکیی ناکۆکی لە نێوان هەولێر و بەغدادا لەسەر شێوازی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکانە. حکومەتی عێراق داوای ڕادەستکردنی تەواوی داهاتی باج و گومرگ و لەگەڵ 50%ـی داهاتە نانەوتییەکانی دیکەی هەرێم دەکات. لە بەرامبەردا، شاندی هەرێمی کوردستان جەختیان لەسەر پابەندبوون بە ماددەی 21ـی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کردووەتەوە، کە تەنیا 50%ـی کۆی گشتیی داهاتە نانەوتییەکان دەگرێتەوە، ئەمەش وایکردووە گفتوگۆکان بگەنە ڕێگەیەکی داخراو.
لەگەڵ ئەم ناکۆکییە، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وەک خۆی ماوەتەوە و هێشتا هیچ پێشکەوتنێک نییە. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ بەردەوامیی کێشەکان لە نێوان حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت لە کوردستان دەگەڕێتەوە. لە ئێستادا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عێراق دەکات، بەڵام ئەم بڕە تەنیا بۆ عەمبارکردن دەشێت و حکومەتی عێراق ناتوانێت هەناردەی بکات، چونکە بۆ کارپێکردنی بۆریی هەناردەکردن لە بەندەری جەیهانەوە پێویستی بە لانیکەم 150 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە هەیە.
بڕیارە سبەی یەکشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات، کە بەهۆی نزیکبوونەوەی چلەی ئیمام حوسێنەوە پێشخراوە. ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر ئەنجامی گفتوگۆکان و دیدگای هەردوولا ئامادە کراوە و دەخرێتە بەردەم سوودانی.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، پێناچێت لەم هەفتەیەدا بڕیاری ناردنی مووچە بدرێت، چونکە گەیشتن بە ڕێککەوتن پێویستی بە گفتوگۆی سیاسی و تەکنیکیی زیاتر هەیە. هەروەها دەرفەتی ئەم هەفتەیە زۆر کەمە، چونکە دوای کۆبوونەوەکەی سبەی، پشووی فەرمی لە عێراقدا دەست پێدەکات.
وەڵام بدەوه