بەدەر لەو گەندەڵی و خراپیی ئیدارەدانەی تەواوی كایە و دامەزراوەكانی دەوڵەتی عێراقی گرتووەتەوە، كەرتی دارایی و بانكی و نەوتیی عێراق تۆمەتی قاچاغی دۆلار و نەوت و سپیكردنەوەی پارە و خەرجكردنی پارەیان بۆ میلیشیاكان ئاراستە دەكرێت، سەرچاوەیەك لە بانكی رافیدەینی حكوومەتیی عێراقی ئاشكرای كرد كە لێكۆڵینەوەیەكی ناوخۆیی پێوەست بە تۆمەتی خەرجكردنی پارە بۆ حوسییەكانی یەمەن بە فەرمانی سوودانی كراوەتەوە.
چاودێران پێیان وایە ئەوە یەكەمجارە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەی پێوەست بە دابینكردنی پارە بۆ میلیشیاكان لە دەرەوەی عێراق دەكرێت، ئەوەش حكوومەتی عێراق دەخاتە بەردەم كێشەی زۆر گەورە، بەپێی سەرچاوەكە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی حكوومەت دووپاتی لە پێویستیی لێوردبوونەوە لەو راپۆرتانە كردووە بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوبەشانی نێودەوڵەتیی عێراق بەوەی عێراق رێگە بە سیستمی داراییەكەی نادات بۆ دابینكردنی پاڵپشتیی دارایی بۆ گرووپە چەكدارەكان و چالاكییە گوماناوییەكان.
ئاماژەی كرد، ئیدارەی بانكەكە رێنوێنیی پێكهێنانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی داوە كە فەرمانگەكانی چاودێری و لێوردبوونەوەی ناوخۆیی و ئیدارەی تەكنیكی و نوێنەرانی بانكی ناوەندی تیادا بێت بۆ پێداچوونەوە بە هەموو حەواڵە و چالاكییە بانكییەكانی پێوەندیدار بە لقی سەنعای بانكەكە.
ئەو جموجۆڵەی حكوومەتی عێراق و بانكی رافیدێن لە دوای راپۆرتە ئەمەریكییەكان هاتووە، لەوانە لێدوانەكانی سیناتۆر جۆ ویڵسن كە بانكی رافیدێنی لە راییكردنی مامەڵەی دارایی حوسییەكان تۆمەتبار كرد و بەڵێنی دا لە كۆنگرێس بۆ بڕینی پارە لەسەر عێراق لە بودجەی داهاتوو كار بكات، ئەگەر عێراق بە رژدی مامەڵە لەگەڵ ئەو تۆمەتانە نەكات.
تۆڕی "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و باسی كۆنووسی كۆبوونەوەیەك لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لە واشنتن لە 29ی نیسانی رابردوو بە ئامادەبوونی فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و مایكل فۆلكندەر جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا دەكات، تیایدا بەرپرسانی ئەمەریكا داوایان لەو حكوومەتی عێراق كردووە بە وەستانی هەر چالاكییەكی دارایی لقی سەنعای بانكی رافیدێن و گواستنەوەی لقی بانكەكە بۆ شاری عەدەن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا نیگەرانیی خۆی لە ئەگەری بەكارهێنانی تۆڕی دارایی عێراق بۆ بەرژەوەندیی حوسییەكان دەربڕیوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش هەر مامەڵەیەكی دارایی لەگەڵ حوسییەكان وەك پێشێلكاری بۆ بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایش داناوە كە عێراق دەخاتە ژێر لێپرسینەوە.
وەڵام بدەوه