Kurdistan Press - بابه‌كر زێباری : عێراق دەكەوێتە قەیرانێكی گەورە بابه‌كر زێباری : عێراق دەكەوێتە قەیرانێكی گەورە | Kurdistan Press

KurdistanPress...

CLOSE

بابه‌كر زێباری : عێراق دەكەوێتە قەیرانێكی گەورە

بابه‌كر زێباری سوپاسالاری پێشووی عێراق هۆشداری لەبارەی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی دەدات و رای دەگەیەنێت كە لە حاڵەتی دەركردنی یاساكەدا، عێراق دەكەوێتە قەیرانێكی گەورەوە، بەهۆی ئەوەی ئەمریكا پێیوایە كە بەهۆی ئەم یاسایە، شتێك بە ناوی سەروەریی عێراقەوە نامێنێت.
فەریق بابه‌كر زێباری، سوپاسالاری پێشووی عێراق، ڕایگەیاند "وا دیاره‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه‌ ویستێك هه‌یه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی یاسای حه‌شدی شەعبی، عه‌لی لاریجانیش بۆ ئه‌و پرسه‌ هاتووه‌ بۆ عێراق، چونكە ئێران پشتیوانیی حه‌شدی شەعبی ده‌كات و ده‌یه‌وێت یاساكە تێپەڕێنێت. ئێستاش دیاره‌ هه‌وڵه‌كان چڕكراونه‌ته‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی و هه‌وڵ ده‌درێت تیپه‌ڕێنرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە بكرێت زیانی دەبێت، چونكه‌ دوا هۆشداری دراوه‌ به‌ عێراق، به‌تایبه‌ت ئەمریكا پێی خۆش نییه‌ و له‌گه‌ڵیدا نییه‌ و عێراق بەو بڕیاره‌وه‌ به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌وه‌ستێته‌وه‌.“
جەختیشی كردەوە كە بۆ تێپەڕاندنی یاسایەكی لەم جۆرە ”ده‌بێت پرس به‌ كورد و عەرەبی سوننه‌ش بكرێت، چونكه‌ نه‌ كورد و نه‌ عەرەبی سوننه‌ له‌گەڵ پرۆژە یاسای حەشدی شەعبیدا نین، عەرەبە شیعه‌كانیش لەنێو خۆیاندا لەسەری كۆك نین، هه‌ر سەركێشیەك لەمبارەیەوە زیان لە‌ عێراق ده‌دات.“
ئەوەشی دووپات كردەوە: ”من پێم وایه‌ له‌م رۆژانه‌ فشارەكان بۆ تێپه‌ڕاندنی پرۆژەیاساكە زۆرتر ده‌بن. تێناگه‌م بۆ هه‌ر ده‌بێت پێداگریی لەسەر دەركردنی بكرێت؟ جیا له‌وه‌ش، چه‌ند گرووپێكن لەنێو حه‌شدی شەعبی ئه‌م كاره‌ ده‌كه‌ن و ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بڕیاری ده‌وڵه‌ت. بەڵام ئەمریكا پێی وایه‌ یاسای حەشدی شەعبی تێپه‌ڕێت، شتێك نامێنێت به ‌ناوی سه‌روه‌ریی عێراق و دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تەوە.“
بە بڕوای فەریق بابەكر زێباری، ئەگەر یاساكە تێپەڕێندرێت، قەیرانێكی گەورە لە عێراق دروست دەبێت.
ئەمە لە كاتێكدایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زیاد لە جارێك بە فەرمی دژایەتیی خۆی بۆ تێپەڕاندنی یاساكە دەربڕیوە و هەندێك لە سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن كە ئەمریكا هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر پرۆژەیاساكە تێپەڕێندرێت، ئەوا سزا بەسەر عێراق یان دامەزراوە و كەسایەتییەكانی عێراقدا دەسەپێنێت. بەڵام لە بەرامبەردا ئەمڕۆ رۆژی یەكشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، هادی عامری، فەرماندەی میلیشیای بەدر رای گەیاند كە بە جلی حەشدی شەعبییەوە دەچنە نێو پەرلەمان و یاساكە تێدەپەڕێنن.
پێشتر ئەوە راگەیاندرابوو كە هۆكاری نیگەرانیی ئەمریكا لە یاسای حەشدی شەعبی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو یاسایە دەبێتە هۆی بەهێزبوونی هەژموونی ئێران و میلیشیاكانی سەر بە ئێران، جگە لەوەی دەستەی حەشدی شەعبیش دەكات بە دەستەیەكی هاوتای وەزارەتی بەرگریی عێراق.

دەربارەى نوسەر
کوردستان پڕێس سەرچاوەیەکى گرنگ بۆ بینینى نوێترین هەواڵى سیاسیى , کۆمەڵایەتى,لە هەرێمی کوردستان ,ئەوروپا ئێمە فۆکس دەخاینە سەرئەوبابەتانەى کوردانەن و پەیوەندیان هەیە بە ئایندە و داهاتووى گەلەکەمان , ئامانجان بڵاوکردنەوەى بابەتى ڕۆشنبیرى و چەسپاندنی دیموكراتی, کارەنمان بڵاو دەکەینەوە لەڕیگەى ویب سایت و سۆشیال میدا لەئیستادا تەنیا بەزمانى کوردى بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە لەناوخۆى کوردستان و ئەوروپا لە داهاتووى نزیک بەزمانى تریش کارەکانمان بڵاو دەکەینەوە ئامانجمان ئەوەیە ببینە سەرچاوەیەکى راست و گرنگ بۆ گەیاندنى هەوڵ بۆهەواداراکانمان بەپێى یاساکانى ڕۆژ نامەوانى , ئێمە لەڕێگەى لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانمان و ویب سایتەکەمان بابەتەکانمان بڵاو دەکەینەوە
بینینى بابەتەکان

وەڵام بدەوه